کونسوڵی فەرەنسا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێری کرد

K24 - هەولێر
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایگەیاند، هەوڵدەدەین پەیوەندییە ئابووریەکانمان لەگەڵ وڵاتان نوێ بکەینەوە.
گەیلانی حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە ماوەی چوار مانگە وەکو ستافی نوێ لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دەستبەکار بووین، لەبەر ئەوە هەوڵمانداوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو ژوورە بازرگانییەکانی وڵاتان نوێ بکەینەوە .
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لەسەر ئاستێکی باڵا لەگەڵ فەرەنسا هەیە، بۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵی فەرەنسا کۆبووینەوە، دەمانەوێت لە ڕووی ئابووری پەیوەندییەکانمان بەهێز بێت، بۆیە ئێمە جگە لەوەی پەیوەندی ئابووری و بازرگانیمان لەگەڵ فەرەنسا هەیە، بەڵام ڕەنگە بەگوێرەی پێویست نەبێت.
ڕاشیگەیاند، ئەوان پێیان ڕاگەیاندین لە دوو مانگی داهاتوودا پێشانگەیەکی گەورە لە پاریس دەکرێتەوە، وە شوێنی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، هەروەها یەکێک لە کۆڕبەندە ئابووریە گەورەکان لە مانگی 9ـی ئەمساڵ لە فەرەنسا دەکرێتەوە کە هەرێمی کوردستانیش بانگهێشت کراوە، ئێمەش بەشاندێکی ئابووری بەشداری لەو کۆڕبەندە دەکەین.
سەرۆکی ژووری بازرگانی وپیشەسازی هەولێر باسی لەوەشکرد، کونسوڵی فەرەنسا پێی ڕاگەیاندین، لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی گەورەی بازرگانان و خاوەنکارانی فەرەنسا سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هەولێر دەکەن، بۆیە ئێمەش هەوڵدەدەین ئەو پەیوەندیانە فراوانتر بکەین.