فڕۆکەکەی ترەمپ خۆی بە  فڕۆکەیەکی تایبەتدا دەکێشێت

فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ
فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ

K24- هەولێر

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، باڵی فڕۆکەکەی دۆناڵد ترەمپ لە جۆری بیۆنگ 757، بەر فڕۆکەیەکی تایبەت کەوتووە، لەو کاتەی فڕۆکەکەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی وێست بالم بیتچ لە فلۆریدا جووڵەی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا، کارگێڕیی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئاشکرای کردووە، فڕۆکەی بۆینگ 757 کە موڵکی تایبەتیە، خۆی کێشاوە بە فڕۆکەیەکی تایبەتدا کە لە شوێنی خۆی لە فڕۆکەخانەدا وەستاوە، بەڵام کارگێڕیی فڕۆکەخانە هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە ئەو فڕۆکەیەی کە لێی دراوە هیی دۆناڵد ترەمپ بێت.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کارگێڕیی فڕۆکەخانەکە ڕایگەیاندووە، ڕووداوەکە لە ناوچەیەک ڕووی داوە کە کارگێڕیی فڕۆکەوانیی تێدا نییە، بۆیە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە دەکەن. ترەمپ کۆبوونەوەیەکی جەماوەری فراوانی لە وایڵد وودی ویلایەتی نیوجرسی کرد، ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکەکەشی لەو کاتەدا بووە کە فڕۆکەکەی لە فڕۆکەخانەی وێست بالم بیتچ نیشتووەتەوە.