ئەپیکور سەردانەکەی جێفری پایەت بۆ هەولێر و بەغدا بە 'گرنگ و پێویست' ناو دەبات

لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)
لۆگۆی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) پێشوازی لە سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەولێر و بەغدا دەکات و، ئامادەیی کۆمپانیا ئەندامەکانی کۆمەڵەکە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.  

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازی لە سەردانەکەی جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە بۆ عێراق و هەرێمێ کوردستان دەکات و، وەک 'ئاماژەیەکی بەهێز و پێویست' ناودەبات بۆ ئەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان "دەستبکەن بە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان کە خۆیان پێشتر ئاماژەیان پێ داوە و هەناردەی نەوت لە ڕێگەی نەوتی عێراق – تورکیا دەست پێ بکاتەوە".

دوێنێ چوارشەممە، 15-05-2024، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و، وا بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-05-2024، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) دەڵێت، کۆبوونەوەکانی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە لەگەڵ هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، "درێژکراوەی ئەو گفتوگۆیانە کە پێشتر لە واشنتن و کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەیانبوون".

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەپیکور، تێبینی ئەوەیان کردووە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە کەم کردووەتەوە، "لە کاتێکدا دەتوانێت هاوکاری عێراق و وەزارەتی نەوت بێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بگات بە ئامانجەکانی لە بواری هەناردەی نەوت".

بە گوتەی مایڵز کاگینز، "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور جەخت دەکەنەوە، ئامادەن بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش لەگەڵ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک تێیدا دڵنیایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش. لەگەڵ ئەوەشدا مەرج و گرێبەستە ئابوور و بازرگانییەکانمان پارێزراو بن. بەم شێوەیە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت، سوودی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هاوبەشەکانی دەبێت".

وەکو ئەوەی گوتەبێژی ئەپیکور باسی کردووە، سەردانەکەی جێفری پایەت بۆ هەولێر و بەغدا، "گرنگیی دەست پێ کردنەوەی دەستبەجێ و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدار و هاوبەشەکان بۆ دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – تورکیا دەردەخات".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور بە پەرۆشن بۆ چارەکردنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لە دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت دروستبووە و پێشوازی لە هەر بانگهێشتیكی فەرمی دەکەن بۆ بەشداربوون لە پرۆسەکە".

وردەکاریی ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان

لە 25ـی ئادارای 2023ـەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بە بڕیارێکی دادگای نێوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە. بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان – تورکیا لە توانایدایە ڕۆژانە ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات؛ بەڵام تاوەکو ئێستا بەو قەبارەیە نەوتی لێوە هەناردە نەکراوە و ئەوەی هەناردە کراوە پێش ڕاگیرانی، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

وەزارەتی وزەی تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندووە بۆڕییەکە هیچ کێشەکەیەکی نییە و لە 4ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕەزامەندی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و بۆڕییەکەش ئامادەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بۆڕییەوە دەست پێ بکاتەوە، لە کاتێکدا دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەناردەی نەوت زیانێکی زۆر بەر عێراق، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کەوتووە.

دوای نزیکەی 14 مانگ لە ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا، زیاتر لە 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی عێراق کەوتووە. بە هۆی جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەش، عێراق ڕۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت.

هەر بەوهۆیەشەوە، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکور ڕاوەستاوە، بەڕێژەی 60% داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان کەمبووەتەوە، سەدان کەسیش بێکار بوون.

بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهان بەرز بووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، شارەزایانی بوار وزە ئاماژە بەوە دەکەن، ڕاگیرانی هەناردەی نەوت زیان بە ناوبانگی عێراق گەیاندووە و خواستی وەبەرهێنان و بازرگانی لە وڵاتەکە کەم دەکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment