لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 450 پرۆژەی سامانی ئاژەڵ دروستکراوە

خاوەن پڕۆژەیەکی بەرهەم هێنانی ئالیک دەڵێت، کە وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ دەست پێدەکات ئەو گەنمانە وەردەگرین کە جووتیارەکان بەرهەمی دەهێنن، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش ئاماژەی بەوەدا، پشتگیریکردنی حکوومەت هۆکارێک بووە بۆ زیادکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان.

پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیکە بە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ بەرهەمەکانی دروست دەکات، لە هەر کاتژمێرێکدا پازدە تۆن ئالیکی پەلەوەر و ئاژەڵ و ماسی بەرهەم دەهێنێت، سەدە هەشتای بە بازاڕی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەدا 20ـی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەنێرێت، ئەم کارگەیەش بۆتە سەرچاوەی داهات بۆ 30 کرێکار .

دەوەن موحسین، خاوەن پڕۆژەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کە وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ دەست پێدەکات ئەو گەنمانە وەردەگرین کە جووتیارەکان بەرهەمی دەهێنن و لە کارگەکەمان بەکاری دەهێنین، هەروەها بۆ دروستکردنی ئالیکی مەڕ و ماڵاتیش پێویستیمان بەکارهێنانی جۆ دەبێت، دووبارە ئەو جۆیە بەکاردەهێنین کە بەرهەمی جووتیارانە و بەرهەمی وڵاتەکەی خۆمانە.

گوتیشی: لەرابردوو ڕێژەی بەرهەمهێنانمان ئەو ڕێژەیە نەبووە کە ئێستا هەبووە، ئێستا وزەی بەرهەمهێنانمان زیادکردووە بە واستەی زیادکردنی هێڵی بەرهەمهێنان، هەروەها ئێستا بۆ ماوەی ساڵێک دەتوانین 36 هەزار تۆن بەرهەم بێنین بۆ ئەوەی ئالیکەکە دروست بکەین لەسەر پڕۆژە پەلەوەرییەکاندا بەشی بکەین.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە سامانی ئاژەڵدا، 450 پرۆژەی گەورە و بچوک و مامناوەند زیادی کردووە، کە هەندێکیان جگە لە پڕکردنەوەی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و دەرەوەش دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، کارئاسانی و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پشتگیری حکوومەت هۆکارێک بووە بۆ زیادکردنی پرۆژە کشتوکاڵییەکان.

هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لووتکەی بەرهەمهێنانی گەنمان هەیە کە ئەمساڵ نزیک دەبینەوە لەسەرووی دوو ملیۆن تۆن گەنم، کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هیچ ساڵێک بەو زۆرە بەرهەم نەهاتووە، ئەگەر نموونەی پەتاتە وەربگرین 15-20 ساڵ پێش ئێستا کە تەنها نزیکەی 60 هەزار تۆن پەتاتەی خواردنمان هەبوو، ئێستا لە سەرووشی 600 هەزار تۆن پەتاتەمان هەیە و نزیکەی 10 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی دەرەوە کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر نموونەی پرۆژەکانی پەلەوەری وەربگرین کە تەنها لەکۆی هەشت کابینەی ڕابردوو تەنها 11 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەبوو، تەنها لەم کابینەیە 34 پرۆژە دروستکراوە کەواتە ڕێژەی بەراووردەکان زۆر زیاترە، هێنانەکایی حەلوە هاچەرخەکان، دروستکردنی سایلۆ مودێرنەکان، زیادکردنی ژماری خانووە پلاستیکیەکان، هەروەها دروستکردنی چەندین کارگەی پیشەسازی بۆ بەرهەمی پیشەسازی.

لە ڕابردوویدا ئەوەی کێشەی بۆ جووتیار دروستدەکرد نەبوونی بازاڕ بوو بۆ بەرهەمی پرۆشە و کێڵگەکانیان بەڵام لەم کابینەیەدا ئەو کێشەیەش بۆ جوتیاران چارەسەر کرا و بەخێرایی بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا ساغ دەبنەوە.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆر دراوە بە فرە چەشنەکردنی داهات، تەنیا لەم کابینەیەدا توانراوە پرۆژە کشتوکاڵیەکان لە 1.8% بەرز بکرێتەوە بۆ لە 10%.

واتا لە ماوەیەکی کەمدا سەدان پرۆژەی کشتوکاڵی زیادیان کردووە، ئامانج لێی بووژانەوە و بەهێزکردنی سەیکتەری کشتوکاڵی بووە لە هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment