یوێفا پێشنیازێک بۆ بەشداریکردنی جیرۆنا لە چامپیۆنزلیگ دەخاتەڕوو

جیرۆنا
جیرۆنا

 

بەپێی راگەیاندنەکەی یوێفا، دەبێت کۆمەڵەی سیتی بۆ تۆپی پێ کە خاوەندارێتی مانچێستەر سیتی و چەند یانەیەکی دیکە دەکات، پشکەکانی لە یانەی جیرۆنا کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بە یانە ئیسپانییەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بدرێت بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکات.


کۆمپانیای سیتی لە ساڵی 2018ەوە بە رێژەی 47٪ پشکی لە یانەی جیرۆنا هەیە کە ئەم یانەیە وەرزێکی گەورە لە لالیگا بەڕێ دەکات و بۆ یەکەمجاریش لە مێژوویدا خۆی گەیاندە چامپیۆنزلیگ و بۆ ماوەیەکی درێژیش ململانێی ریاڵ مەدرید و بارسێلۆنای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی لالیگا.

دەستەی چاودێری دارایی یانەکانی سەر بە یوێفا رۆژی سێشەممەی رابردوو نووسراوێکی ئاراستەی خاوەنەکانی یانەی جیرۆنا کردووە و لە یاسا نوێیەکانی چامپیۆنزلیگ ئاگاداری کردوونەتەوە، بەپێی یاسا رێگە نادرێت دوو یانە کە یەک خاوەنیان هەیە بەیەکەوە بەشداری لە چامپیۆنزلیگ یان هەر پاڵەوانیەتییەکی دیکەی ئەوروپا بکەن.

بەپێی یاسا هەر لایەنێک خاوەنی لە 30٪ یان زیاتر لە پشکی یانەیەک بێت ئەوا بە خاوەنی سەرەکی دادەنرێت بۆیە پێویستە کۆمەڵەی سیتی تاکو رۆژی 3ی حوزەیرانی داهاتوو پشکەکانی لە 47٪ بۆ خوار 30٪ کەم بکاتەوە، ئەوکاتە رێگە بە یانە کەتەلۆنییەکە دەدرێت لەگەڵ مان سیتی بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکات، بەڵام ئەگەر کۆمەڵەی سیتی تاکو وادەی دیاریکراو پشکەکانی لە یانەی جیرۆنا کەم نەکاتەوە، ئەوا بەفەرمی لە چامپیۆنزلیگ بێبەش دەکرێت و لەبری ئەوە دەبێت لە یۆرۆپالیگ یاریی بکات.

 

 

Fly Erbil Advertisment