هێمن سەید موراد: لە کاتی پێگەیشتنی بەربوومی ناوخۆ هاوردەکردنی هەندێ بەروبووم قەدەغە دەکەین

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەرەتای پێگەیشتنی بەربوومی ناوخۆ، ئێمە ڕێگری لە هاوردە کردنی چەند بەروبوومێک دەکەین، بۆ ئەوەی برا جووتیارەکان سوود لە بەرهەمەکانیان ببینن لە زیانکردن بیان پارێزین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئایاری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەندێک بەرهەم هەیە بەدڕیژای ساڵ هاوردەکردنی قەدەغەیە، بەڵام هەندێک بەرهەم هەیە ماوە ماوە هاوردەکردنی ئاساییە، هەندێک بەرهەمی دیکەش هەیە باجی دەخرێتە سەر.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "ئەو بەرهەمانەی کەوا بەدرێژایی ساڵ هاوردەکردنی قەدەغەیە، بەربوومە گەڵاییەکانە وەک؛ تور، سڵق، شێلم، تەڕەپیاز، قارچک، قەرنابیت و کەلەرم، لەگەڵ چەند بەرهەمێکی دیکە، لەبەر برا جووتیارەکانی هەرێمی کوردستان".

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "هەندێک بەروبووم هەیە کە لە هەندێک وەرز هاوردەکردنی قەدەغە دەکرێت، لە هەندێک وەرز ڕێگە بە هاوردە کردنی دەدرێت. ئەوانیش پەتاتەی پیشەسازی و پەتاتەی خواردن، ئەوانیش لە 1ـی 4ـی 2024وە تا وەکو سەرەتای مانگی 2ـی 2025وە قەدەغەیە. نابێت بە هیچ شێوەیەک هاوردە بکرێت، لەگەڵ زیاد بوونی بەربوومی ناوخۆش، ئەوانیش باجی لەسەر دادەنرێت قەدەغەی دەکەین، بۆ ئەوەی جووتیارەکان بەروبوومەکانیان لە بازاڕی خۆماندا ساغ بێتەوە، نەبێتە مایەی مانەوەیان".

هێمن سەید موراد ئەوەش خستە ڕوو، "لەسەرەتای پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆ، ئێمە ڕێگری دەکەین لە هاوردە کردن بۆ ئەوەی  جووتیارەکان زیاتر سوود لە بەرهەمەکانیان ببینن بیان پارێزین لە زیانکردن، لە ساڵانی ڕابردوو بەرهەمی جووتیاران پێدەگەیشت دەمایەوە و فڕێ دەدرا ببووە گرفت بۆیان، کە خۆپیشاندانیان دەکرد و ڕێگەیان دەگرت، کێشە بۆ ڕێگەی هاووڵاتییانیش دروست دەبوو".

ڕاشیگەیاند، "ئێستە لە سێ بۆ چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو گرفتانە نەماوە، ئەگەر برا جووتیارەکان تەواو قازانجیش لە بەرهەمەکانیان نەکەن، نابێتە مایەی زیان و لەسەر شانیان بمێنێتەوە. واتە بەرهەمەکانیان بە بازاڕ دەکرێت و پڕۆسەی بە بازاڕی جووتیاران هەر هەیە، ئەگەر ئەوەش نەبێت، بەهۆی بوونی چەند کارگەیەکی پیشەسازی و بەکارخستنەوەی کارگەی ئاوی تەماتەی هەریر و چەندین کارگەی وەبەرهێنانی پیشەسازی کشتوکاڵی کە بوونەتە هۆکاری پێشکەووتنی کشتووکاڵ و وەرگرتنی بەربوومی برا جووتیارەکان لەوانە ساغ دەکرێنەوە".

Fly Erbil Advertisment