عومەر بەرزنجی: بەشداریی کارای حکوومەتی هەرێم لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هەنگاوێکی گرنگە بۆ عێراق

دیندار زێباری و عومەر بەرزنجی
دیندار زێباری و عومەر بەرزنجی

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ فرەلایەن و کاروباری یاسایی ڕایدەگەیەنێت، بەشداریی کارای حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی کە لە بارەی مافی مرۆڤ لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانی دەرەوەی وڵات دەبەسترێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم.

ڕۆژی پێنجشەممە( 16ـی ئایاری 2024)، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ فرەلایەن و کاروباری یاسایی کۆبوەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا، تیشک خراوەتە سەر ئاڵوگۆڕی زانیاری، بیروڕا و نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و ڕاوێژکردن لە تەوەرە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ فرەلایەن وکاروباری یاسایی دووپاتی کردووەتەوە، بەشداریی کارای حکوومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ، پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی دیدگای حکوومەتی هەرێم لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان کە لە دەرەوە دەبەسترێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکە دووپاتی کردەوەتەوە، بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لە بارەی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەرەوە، پێویستە کاری زیاتر بکرێت لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ کاری هاوبەش، هاوکات، بەشداریی کارای حکوومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی لەبارەی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، دەبێتە هۆی بەهێز کردنی گوتار و هەڵوێستەکانی عێراق لەو کۆبوونەوانەدا.