دانیشتوانی ناوچەی داوودە ڕێگای زیاتر لە چلو پێنج گوند دادەخەن
دانیشتووانی ناوچەی داوودەی گەرمیان ، ڕێگای زیاتر لە چل و پێنج گوند و سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریان داخستووە و ڕێگە نادەن کەس لە ناوچەکەیانەوە بچێتە خورماتوو و کەرکووک و بەغدا .
ئەم هاوڵاتییانە هۆی داخستنی ڕێگاکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بازگەیەکی سوپای عێراق ڕێگرییان لێ دەکات بەرووبوومە کشتوکاڵەکانیان ببەنە خورماتوو داوای سەرانەیان لێ دەکات.
محیەدین رەشید،هاووڵاتییەکی ناوچەی داودە بە پەیامنێری کوردستان24 ی ڕاگەیاند، ئەم بارهەڵگرانە دانەوێڵەیان بارکردووە و دەبردێنە خورماتوو تاکوو لە سایلۆ، بارەکان دابگیرێن، جووتیارانی ناوچەی داوودەش لە ڕووی ئیدارییەوە دەبێت گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆی خورماتوو بکەن، بەڵام بە هۆی ئەوەی بازگەکان و تەنانەت لە سایلۆش داوای پارە و سەرانەیان لێ دەکرێت، ناڕازین لەو بڕیارە و ڕێگاکەیان داخستووە و دەڵێن، تاوەکوو چارەیەک بۆ کێشەکانمان نەدۆزرێتەوە ڕێگاکە ناکەینەوە.