گوهدار شێخۆ: ئامانجمانە زیاتر بایەخ بە فەرهەنگ و هونەری کوردی بدەین

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت: ئەو هاووڵاتییانەی کە سەردانی فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک و جلوبەرگی کوردییان کرد زۆر دڵیان خۆش بوو هیوایان خواست بۆ هەموو ساڵێک فێستیڤاڵەکە بەردەوام بێت.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمە بۆ دووەمین ساڵە فێستیڤاڵی شاڵ و شەپک لە زاخۆ بەڕێوە دەچێت، مەبەست لە سازدانی ئەم فێستیڤاڵەش بایەخدامە بە فەرهەنگ، هونەر و جلوبەرگی کوردی.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵیت: کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون، ئەوانەی سەردانی فێستیڤاڵەکەشیان کرد زۆر دڵیان خۆش بوو هیوایان خواست بۆ هەموو ساڵێک بەردەوام بێت، ئامانجمانە زیاتر بایەخ بە فەرهەنگ و هونەری کوردی بدەین.

باسی لەوەش کرد، بۆ ساڵی داهاتوو فێستیڤاڵەکە فراوانتر دەکەین، هەروەها زاخۆ ناوچەیەکی گەشتیارییە ئەوانەشی سەردانی دەکەن سەرسامن بەو پێشکەوتنانەی کە لە زاخۆ هەیە.

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، لە داهاتوویەکی نزیکدا وەبەرهێنەرانی قەتەر سەردانی زاخۆ دەکەن بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان و لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەموو کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کراوە.

دووه‌م فێستیڤاڵی شاڵ و شه‌پك و جلوبه‌رگی كوردی له‌ زاخۆ به‌ڕێوه‌ چوو و تێیدا چه‌ندان جۆری جلوبه‌رگی ڕه‌سه‌نی كوردی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان نمایش کران.