دوایین زانیاری لەسەر کۆبوونەوەکەی سبەی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:
سبەی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە بە گوێرەی بەرنامەی کاری پەرلەمان دەنگدان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستە لایەنەکان دوو کەسیان بەربژێر کردووە.
ئەمڕۆ هەینی (17ـی ئایاری 2024) شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: سبەی شەمە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ لە پەرلەمانی عێراق سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دەستنیشان دەکرێت، هەروەها دوو بەربژێر بۆ وەرگرتنی پۆستەکە کێبڕکێ دەکەن؛ سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی.
بە گوێرەی زانیارییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت موحسین مەندەلاوی لە بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت بەردەوام بێت و بۆ ماوەیەکی دیکە بمێنێتەوە، هەروەها تا ئێستا لایەنە کوردییەکان بە تەواوی خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، ڕەنگە لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی عێراق هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان بە زووی یەکلا نەکرێتەوە و لەوانەیە ئەو پرسە دوو بۆ سێ رۆژ بخایەنێت.
سەرۆکایەتىی پەرلەمانى عێراق ڕۆژی 18ى ئایار واتە شەممەی داھاتووی دیاریکردووە بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک، ڕکابەرییەکەش لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوى دەبێت. هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
بەڵگەنامەیەک بە واژۆی 47 پەرلەمانتاری سووننە دەست کوردستان24 کەوتووە کە پێشکەش کراوە بۆ پشتگیریکردن لە هەڵبژاردنی مەحموود مەشهەدانی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەکەی سبەینێ.
ھاوكات، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە نووری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، پشتیوانی مەحموود مەشهەدانی دەكات. یاسر مالکی، سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، "دوای ئەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنییانەی ئەم دواییانە کە لە ئەنجامی گفتوگۆی فراکسیۆنە سیاسییەکان دروستبوو، پشتیوانیی خۆمان بۆ مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنین".
لە کۆبوونەوەى ڕۆژی 14ى کانوونى دووەمى ئەمساڵى پەرلەمان، هەڵبژاردنى سەرۆک لە نێوان سێ كاندیدی سوننەدا کرا و گەیشتە گەڕى دووەم، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا. شەعلان کرەیم، كاندیدی تەقەدوم زۆرترین دەنگى گەڕى یەکەمى بەدەستهێنا، بەڵام لە 18ى نیسان لە پرۆسەكە کشایەوە. ئێستا هەریەک لە سالم عیساوى و مەحموود مەشهەدانى لە ڕکابەرییەکەدا ماون.
دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.


