یەکەم کاروانی حاجیانی عێراق بەرەو سعوودیە بەڕێ کەوت

شێخ سامی مەسعودی، سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، ڕایگەیاند، یەکەم کاروانی حاجیان بەرە و شاری مەککەی سعوودیە بەڕێ کەوتن.

شێخ سامی مەسعوودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی، یەکەم کاروانی حاجیان بەرەو شاری مەککەی پیرۆز بەڕێ کەوتن، گوتیشی: "عێراق تاکە وڵاتە کە پاڵپشتی تێچووی زیارەتەکەی کردووە بۆ ئەوەی تێچووی زیارەتەکە کەمترین بێت".

ئاماژەی بەوەش کرد: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین نەچن بۆ وەرگرتنی ڤیزای نایاسایی، ئێمە ڕێگە بەو شتە نادەین و نامانەوێت ئەو هاووڵاتییانە تێوەبگلێن"، جەختیشی کردەوە: "هەڵگری ئەم ڤیزایە سزای زیندانیکردن و پێبژاردن دەدرێت".

مەسعوودی دەشڵێت: "ژمارەی ئەو حاجیانەی بە هێڵی ئاسمانی گەشت دەکەن نزیکەی 19 هەزار حاجییە، کاروانی ئەو حاجییانەی بەڕێگەی وشکانیی گەشت دەکەن، سێ ڕؤژ دوای ئەوە دەڕۆن، کە ئەوانیش ژمارەیان نزیکەی 19 هەزار حەجاجە".

سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق باسی لەوەش کرد، "بە 39 ملیار دینار، پشتگیریی تێچووی زیارەتکاران دەکرێت"، جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئەم وەرزە خزمەتگوزاریی باش بۆ حاجیان دابین دەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (1ـی ئایاری 2024) کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشەممە (28ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 500 کەسە، لە ڕێگەی وشکانییەوە بەرەو وڵاتی سعوودییە بەڕێ دەکەوێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆژی چوارشەممە (29ـی ئایاری 2024)، یەکەم کاروانی حاجییان کە ژمارەیان سێ هەزار و 185 کەسە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە دەچێتە سعوودییە و، وابڕیارە تا (5ـی حوزەیرانی 2024)، سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان بگەنە ئەو وڵاتە.

ژمارەی حاجییانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان، بریتییە لە چوار هەزار و 685 کەس و بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێـی کوردستان، تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ بە فڕۆکە بریتییە لە شەش ملیۆن و 650 هەزار دینار، هەروەها تێچووی حەج لە ڕێگەی وشکانییەوە، بریتییە لە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینار.

Fly Erbil Advertisment