دیار سادق: هاووڵاتیی و حکوومەتی خۆجێی پێکەوە کار بۆ پاک ڕاگرتنی دهۆک دەکەن

ئەندازیار دیار سادق، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە شارەوانی دهۆک
ئەندازیار دیار سادق، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە شارەوانی دهۆک

بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە شارەوانی دهۆک ڕایگەیاند، هەماهەنگی و هۆشیاریی هاووڵاتییانی دهۆک وای کردووە، حکوومەت و هاووڵاتی بەیەکەوە کاربکەن بۆ هەبوونی ژینگەیەکی خاوێن.

ئەمڕۆ شەممە، 18ـی ئایاری 2024، ئەندازیار دیار سادق، بەرپرسی ژینگە و خزمەتگوزاری لە شارەوانیی دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو هۆی سەرەکیی مایەی خاوێنی ژینگەی دهۆکن، یەکەمیان حکوومەتە دووەمیان هۆشیاری هاووڵاتییانە، هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لە نێوان هەردوولادا، هاووڵاتیی و حکوومەتی خۆجێی بەیەکەوە کار دەکەن.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەر، "بۆ جێبەجێ کردنی پلانەکانی حکوومەت ڕاستەوخۆ هاووڵاتییانی دهۆک بەشداریی پلانەکانی ئێمە دەکەن، هەر بۆیە کاتێک پلانێک دادەنرێت 100%100، جێبەجێ دەکرێت".

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "لە ساڵی 2010دا یونسێف توێژینەوەی لەسەر چەند شارێکی عێراق کرد، بۆ جێبەجێکردنی ماستەر پلانێک و باشتر کردنی ژینگە و بازاڕەکانی ئەو چەند شارە".

دیار سادق، باسی لەوەش کرد کە "دهۆک یەکێک بوو لەو شارانە کە بە زووترین کات دەست کرا بە جێبەجێکردنی ئەو ماستەر پلانەی کە یونسێف داینا، ئێمەش لای خۆمان دەستمان پێ کرد، دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، کە هێڵێکی گشتیی بۆ پاراستنی ژینگەی دهۆک دانرا، ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دووتەوەری سەرەکیی کارمان کردووە. تەوەرێک ئەو ژینگەیەی کە هەیە بە پاکی ڕایگرین و کاریگەری نەرێنی لەسەر کەم بکەینەوە. دووەمیش دواتر چێ لێ بکەین تا باشتری بکەین".