هاووڵاتیانی سوید پارەی کاش بەکار ناهێنن

لەرێگەی مۆبایلەکەیەوە مووچەی کارمەندەکانی بەڕێ دەکات، لە ماڵی خۆی دانیشتووە و هەموو ئەو کارانەی کە پەیوەندیان بە پارەوە هەیە تەنیا بە چەند قۆناغێکی ئاسان بە داتا یان مۆبایل جێ بەجێیان دەکات.

مەجنوون جاوید، خاوەن کۆمپانیا لە سوید، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کارتە کارەکەمانی وا  ئاسان کردووە، کە لە ڕێگای ئەپێکەوە بە یەک کلیک مافەکان بەڕێ دەکەی بە یەک کلیک پارە دەنێری بۆ شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو ئەگەر بتەوێت بینێری بۆ دەرەوە. هەروەها ئاسانکارییەکە چەن خولەکێک نابات دەتوانی هەموو کارەکانەی بەجێ بگەیەنیت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خزمەتانەی بانک بەتۆی دەدا هەمووی زۆر جوان دیارە، سەروەتی تۆ لەناو ئەو بانکەدایە، ئەگەر یەک کرۆن یان یەک دۆلاری بۆ هەر جێگاک بڕوات بە ڕوونی دیارە، هەم مێژووەکەی هەم ئەوەی کە داتناوە لە داهاتوودا بڕوا. کە هەست بەوە دەکەی شتەکانت پارێزراوە.

پێشکەوتنەکان لە دوای کردنەوەی هەژماری بانکی خۆت زۆر خێرایە، ئێستا چیدی کە تاکەکان پارەی کاش لە دووکانەکان بەکارناهێنن بەڵکو تەنیا بە یەک کلیک پارەی پێداویستیەکانیان دەدەن، ئەمەش کاری هەموو خاوەن دووکانەکانی ئاسان کردووە.

قارەمان، خاوەن دووکانێکە و بە کوردستان24ـی گوت: سیستەمی ئەلیکترۆنیک زۆر بۆ ئێمە خۆش و ئاسانە، واتە ئیشەکان خێراتر دەڕۆن، زیاتر لە نێوان ئێمە و کڕیار یان لە نێوان ئێمە و فرۆشیار، کارەکە ئەوەندە ئاسانە، پێویست بەوە ناکات کە مرۆڤ بیری لێ بکاتەوە.

گوتێشی: خەڵک دێ بۆ لامان لەسەر مۆبایل لەسەر کاتژمێرەکەی هەر ئاپێک بێت لەسەر هەرشتێک دایبگرێت پارەی خۆی ئەدات و ئەڕوات و سەیریشی ئەکات، تاوەکو بزانێت چەندمان ڕاکێشاوە لە پارەکەی یان چەندی داوە، یان چەند دێتە سەر هەژمارەکەی.

بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1656 لە سوید یەکەم بانک دامەزرا بە ناوی "ستۆکڵم بانکۆ"، بە گوێرەی داتایی فەرمی ساڵی 2022،  123 بانک لە سوید هەیە، هەر کەسێک مافی مانەوەی لە سوید هەبێت، دەتوانێت ژمارەی بانکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بانک ناتوانێت جیهان بگۆڕێت بەڵام بەبێ بانکیش پێشکەوتەکان ئەستەم دەبن.

کردنەوەی هەژماری بانکی هەنگاوێکی گرنگە، بۆ ئاسانکاریی تاکەکانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو کە لە ڕێگەی بانکەوە دەتوانن لە شوێنی کار لە ماڵەوە لە هەموو شوێنێکی جیهان بێ مەترسی دەستیان بە هەموو پێداویستیەکی کڕین و فرۆشتن بگات تەنها بە یەک کلیک لەسەر تەلەفۆنەکەت ئەو ئامانجەی هەتە بۆ دانی پارە یان وەرگرتنی پارە پێی دەگەیت.