هێمن سەید موراد: لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 150 هەزار جووتیار هەن

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕای گەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 100 بۆ 150 هەزار کەس بە کەرتی کشتوکاڵ خەریکن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو جووتیارانەی کە ناویان تۆمار کرابوو بۆ بازاڕکردنی گەنم، لە هەموو تەمەنێک لە هەولێر 16 هەزار جووتیارمان هەیە. هەمووشیان دانیشتووی هەولێرن، واتە عەرەب و سووری نین.

بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "570 پرۆژەی سامانی ئاژەڵیمان هەیە، ئەوانەی لەو پرۆژەیە کار دەکەن هەموویان دانیشتووی هەولێرن، لەهەمان کاتیشدا هەر پرۆژەیەک زیاتر لە 12 تاکو 16 کەس کار دەکات، بەشێکیش لەوانە کرێکارەکان ناوخۆن و زۆربەی هەرەزۆریشیان گەنجن.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "450 خانووی پلاستیکیمان هەیە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەر پرۆژەیەک 10 بۆ 20 کەس کاری تێدا دەکات، کە کرێکار و ئەندازیاری کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت".

هێمەن سەید موراد دەڵێت: "15 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەشمان هەیە؛ هەر پڕۆژەیەک نزیکەی 50 بۆ 70 کەس کاری تێدا دەکات، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمدا، ژمارەی پرۆژەکان ڕۆژبەڕۆژ  لەزیاد بووندان، جگە لەوەی ژمارەی باخ و بێستان و پرۆژە لاوەکییەکانی دیکە".

باسی لەوەش کرد، "هۆبەی چاودێریی بازاڕی عەلوەی هەولێر، ئاگاداری کردینەوە، کەوا لەمەودوا پشتگیریی دەدەنە جووتیاران، بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ نەکرێت لە بازگەکانی حکوومەتی عێراقی، چونکە ئێستە ئەگەر پشتگیرییان لەدەست نەبێت ڕێگرییان لێ دەکرێت لەو بازگانە".

دەشڵێت: "بەرهەمە ناوخۆکان هەمووی بەدەست و پەنجەی جووتیارانی خۆمان و کوردن، ئێستە خەڵکێکی زۆر لە بواری کشتوکاڵ کار دەکەن".

سەید موراد ڕاشیگەیاند، "دەتوانم بڵێم لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 100 بۆ 150 هەزار کەس بە کەرتی کشتوکاڵ خەریکن، وەرز لەگەڵ وەرزیش دەگۆڕێت، ڕەنگە زستانان جووتیار کەم ببنەوە، بەڵام لە هاویندا ڕیژەی ئەو جووتیارانە دوو هێندە زیاد دەکەن."

گوتیشی: "پێش کابینەی نۆیەم لە سەرەتای مانگی پێنج و کۆتایی مانگی حەوت، بەرهەمی ناوخۆ پێ دەگەیی، گرفتی سەرەکیمان ئەو بەرهەمانە بوو کە پێدەگەیشتن، نەماندەزانی چییان لێ بکەین، جووتیار و گوندنشینەکان ڕێگەی شەقامەکانیان دەگرت، بەهۆی ساغ نەکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بەڵام لە کابینەی نۆدا ئەو گرفتە نەماوە، بەرهەماکان بە بازاڕ دەکرێت و هەناردەی دەرەوەی کوردستان و عێراق دەکرێت". هەوروەها هەبوونی ئەو کارگانە لەم کابینەیەدا، کاریگەری ئەرێنی دروست کردووە، وای کردووە کۆچی گوند بۆ شار کەم بکاتەوە.