سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات و پلانی حکوومەتیش بۆ ئەو مەبەستە ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، دروستکردنی بەنداو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیان بەخشەکان بەشێکن لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەش دا، لە سێ مانگی داهاتوو پلانی ستراتیجیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوا دادەنرێت.

 

 

ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: کاری زۆرمان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و یەکەم ناوچەی عێراقین گازی بەفیڕۆدراو بۆ وزەی نوێ بەکاردەهێنینەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ناوچەکانی بەستەوە بە زیادبوونی دیاردەی کۆچ کە دەبێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی لە داهاتوودا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: کۆچکردن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، تەنیا لە هەرێمی کوردستان ناوەستێت و دەگاتە ئەورووپا، ئەگەر ئەو وڵاتانە ئێستا بەشداری لەو کێشەیە نەکەن، لە داهاتوودا کۆچکردن بۆ وڵاتەکانیان؛ کێشەی ئەمنی، کولتووری، ئابووری و سیاسییشیان بۆ دروست دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی (10ـی تەمموزی 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، کارنامەی کابینەی نۆیەمی خوێندەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، "ژینگەی کوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمی کوردستانە و کاردەکەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی. کاردەکەین بۆ بەکارخستنی سیستمێکی پێشکەوتووی ریسایکل و چارەسەریی زبڵ و خاشاک و کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکان".

هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە، دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کوردستانێکی سەوز لە کار و پرۆژەکاندا ڕەنگیدایەوە: لەوانە قەدەغەکردنی سووتاندنی گازی کێڵگەکان، بەشێوەیەک: لە پاڵاوگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە 150 ملیۆن مەتر سێجا گازی زیانبەخش دەسووتێنرا و تێکەڵ بە هەوای پاک دەکرا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمەی قەدەغە کرد.

هاوکات لە چوار ساڵی ڕابردوودا شەش ملیۆن مەتر دووجا ئاگربڕ بۆ پاراستنی دارستانە سرووشتییەکان دروستکراوە، هەروەها دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی دوو ملیۆن پورەی هەنگ و زیاتر لە سێ ملیۆن داری دارستان و باخداری چێندراوە و کەمکردنەوەی لێدانی بیرە نایاساییەکانیش بە ڕێژەی 90% کەمی کردووە، جگە لەمانە ئێستا پاشماوە پزیشکییەکان بە ئامێری تایبەت دەسووێندرێن کە رێگری لە هاتنی دووکەڵ و پاشماوە ژەهراوەییەکان بۆ نێو کەشوهەوای کوردستان دەکات.

لە کەرتی کارەباشدا لە هەرێمی کوردستان، لە سێ سەرچاوەی وزەی پاك کارەبا بەرهەمدەهێندرێت کە بریتین لە کۆمباین سایکڵ، وزەی خۆر و ئاو. ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی پاك لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20%ـی تێکڕای ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە وزەی پاک لە بەرهەمهێنانی کارەبا، لە مانگی ئایاری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆری لە هەرێمی کوردستان دانا.