بەهۆی ڕووداوەکەی ئێران، بەهای تمەن کەمی کرد

لە ئەنجامی گیانسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە و مردنی سەرجەم سەرنشینانی، تومەنی ئێرانی، زیاتر لە 8% ی بەهای خۆی لەدەست دا.

حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، سەرۆکی وڵات و شاندی یاوەری لە کاتی گەڕانەوە بۆ تەورێز بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکە کەوتووەتەخوارە سەرجەمیان گیانیان سپاردووە.

بارودۆخی سەختی کەشوهەوا وای کرد، دیاریکردنی شوێنی ڕووداوەکە قورس بێت، هەربۆیە کاری تیمەکانی فریاگوزاری بۆ گەیشتن بە ناوچەکە سەخت بووە.

هەر دوێنێ یەکشەممە، نرخی دۆلار لە بازاڕی نافەرمیدا، لە پاشخانی هەواڵەکان سەبارەت بە چارەنووسی نادیاریی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، لە ڕۆژئاوای وڵات، نرخی دۆلار لە ئاستی 57 هەزار تومەن بۆ هەر دۆلارێک، گەیشتە سەرووی ئاستی 62 هەزار تومەن، ئەمەش لە مامەڵەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی دووشەممەدا.

دابەزینی نرخی تومەن دوای چەند ڕۆژێک دێت لە بوژانەوەی بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە نرخی دراوی ئەمەریکی لە پاشخانی گرژییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 70 هەزار تومەن بۆ هەر دۆلارێک، بەڵام لەگەڵ دابەزینی ئاستی گرژییەکان ، گەیشتە 57 هەزار تومەن .

حکوومەتی ئێران لە ساڵی 2018ەوە، نرخی دۆلاری فەرمی بە 42 هەزار تومەن بۆ یەک دۆلار دیاری کردووە.

تمەنی ئێرانی لە ئێستەوە فشارێکی زۆری لەسەرە ، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵاوسانی بەرز و بەهۆی سزا بەردەوامەکانی ئەمەریکا کە لە سەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەسەر تاراندا سەپێندرابوو، هاوکات بووە هۆی کەمبوونەوەی فرۆشی بەشێک لە هەناردە سەرەکییەکانی تاران، بەتایبەت نەوت و بەرهەمەکانی.