گواردیۆلا ریکۆردێکی مێژوویی لەگەڵ مان سیتی تۆمار کرد

پێپ گواردیۆلا راهێنەری ئیسپانی جارێکی دیکە ناوی خۆی لە مێژووی راهێنەرایەتی تۆمار کرد، دوای ئەوەی سەرکردایەتی مانچێستەر سیتی کرد لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ بۆ جاری چوارەم لەسەریەک، کە پێشتر هیچ راهێنەرێک نەیتوانیوە ئەم کارە بکات و بووە یەکەمین راهێنەر لە مێژووی پرێمەرلیگ چوار جار لەسەریەک ببێتە پاڵەوان.
پێپ گواردیۆلا لە هاوینی 2016 هاتە مان سیتی و لەوکاتەوە تا ئێستا لەگەڵ ئەم یانەیە 6 نازناوی پرێمەرلیگی بردووەتەوە، لەنێویاندا لە دوایین 4 وەرز نازناوەکەی لەسەریەک بردووەتەوە.
گەرچی سێر ئالێکس فێرگسن راهێنەر و ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد زۆرترین جار نازناوەکەی بۆ یانەکەی پێشووی بردووەتەوە و 13 جار بووەتە پاڵەوان، بەڵام نەیتوانیوە زیاتر لەسێ جار لەسەریەک ئەم نازناوە بباتەوە.