بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: پێداگرین زۆرترین ڕێژەی گەنمی جووتیارانی کوردستان وەربگیرێت

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لیجنەیەک لە هەموو وەزارەتەکانی عێراق پێکهێنراوە بۆ دیاری کردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. بەڵام تا ئێستە حکوومەتی فیدراڵ  پابەند نییە بەوەی هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگرێت وەکو پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی ئایاری 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد، دوای ئەوە ڕاستەوخۆ چووینە ناو کۆبوونەوەیەکی دیکە لیجنەیەک پێکهێنرا کە پێی دەگوترێت، لیجنەی 57، بە بڕیارێکی دیوانی وەزارەت.

بەگوتەی ئەو بریکارە، "لیجنەکە لە هەموو وەزارەتەکان پێکهاتووە، کاری لیجنەکە ئەوەیە ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات".

هەروەها دەڵێت: "دوێنێ گفتوگۆیەکی چڕمان لەگەڵ لیجنەکە و وەزارەتی کشتوکاڵیشدا کردووە، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی هەموو گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، بەشێوەیەکی دادپەروەر و یەکسان، وەک جووتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام تاکو ئێستە نەگەشتووینەتە هیچ ئەنجامێک لەگەڵیان".

ئاماژە بەوەش دەکات کە لای خۆیانەوە نووسراوێکیان بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسی، تێیدا دیاریکردووە کە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان چییە لەوان، هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمیش پێداگرە لەوەی  زۆرترین ڕێژەی گەنمی جووتیاری کوردستان وەربگیرێت. تاکو ئێستەش هیچ بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە. بەپێی گوتەی بریکاری وەزارەت.

"بۆ هەمان بابەت لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووینەوە و نووسراوەکەشمان پێدان، هیوادارین ئەنجامێکی باشی هەبێت". کەریم سلێمان وایگوت.

Fly Erbil Advertisment