لە باشووری کەرکووک عەرەبی هاوردە پەلاماری گەنجێکی کورد دەدەن و برینداری دەکەن
عەرەبی هاوردە لە گوندی نادراوە لە باشووری کەرکووک، پەلاماری گەنجێکی کورد دەدەن بە لوولەی ئاسن سەری دەشکێنن، باوکی کوڕەکە دەڵێت، فریامان کەون عەرەبی هاوردە غەدرمان لێ دەکات، نەنکیشی دەڵێت، قەت چۆڵی ناکەین و زەوی موڵکی خۆمانە.
ڕۆژی سێشەممە(21ـی ئایاری 2024)، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، لە کاتێکدا هەوڵەکان بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەی زەوی و زاری جووتیارانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەڵام عەرەبە هاوردەکان بەردەوامن لە گێچەڵ بە جووتیارانی کورد.
دەڵێت، دوایین جار عەرەبە هاوردەکان، لە گوندی نادراوەی باشووری کەرکووک هێرشیان کردوەتە سەر گەنجێکی کورد بەناوی دانا ئەحمەد، بە لوولەی ئاسن لێیان داوە و خەڵتانی خوێنیان کردووە و پاشان تەقەیان بەسەردا کردووە.
دانا ئەحمەد، ئەو گەنجە کوردەی عەرەبی هاوردە پەلاماریان داوە، بە کوردستان24ی گوت: عەرەبە هاوردەکان مەڕو ماڵاتیان هێنایە نێو زەوییەکەی ئێمە، منیش چووم پێیان بڵێم کە مەڕو ماڵەتەکە لە نێو زەوییەکە دەر بکەن، کەچی دوو لەو عەرەبە هاوردانە لێیان دام و سەرم بیست تەقەڵ دووراوەتەوە، پێشیان گوتم کورد هیچ زەوییەکی لەو ناوچەیە نییە، دواتر خزم و کەس بەهاناماوە هاتن و ڕزگاریان کردم.
گوتیشی، پێویستە چارەیەکی دۆخی کورد لەو ناوچانە بکرێت، کورد لە کەرکووک بە دەست عەرەبی هاوردە گیرۆدەیە.
باوکی داناش دەڵێت فریامان کەون، عەرەبی هاوردە غەدرمان لێ دەکەن، داوای کرد کێشەی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارە بکرێت، دەڵێ عەرەبە هاوردەکان پێیان وایە کورد لەو ناوچەیە هیچ زەوییەکی نییە.
دەشڵێت، ئەو عەرەبە هاوردانەی لە کوڕەکەمیان داوە، لە خانوویەکی پێشمەرگەدان و داگیریان کردووە، ماوەیەکیش لە پەلکانە بوون.
نەنکی داناش گوتی، تەعەددامان لێ دەکەن، زەوی موڵکی خۆمان هەیە و دەڵێن دەبێت لێرە بڕۆن، بەڵام قەت چۆڵی ناکەین و ناڕۆین.