عەلا حەیدەری: کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە کراوە

عەلا حەیدەری، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق
عەلا حەیدەری، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

خشتەی بوودجەی ساڵی 2024 گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق، بۆ زامنکردنی پشکی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران، هەردوو حکوومەت ڕێک کەوتبوون کە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە خەرجی ڕاستەقینەوە بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە. ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە کراوە.

پەرلەمانی عێراق گەورەترین خشتەی یاسایی بوودجەی پێ گەشتووە بۆ ساڵی 2024 کە بڕەکەی زیاتر لە 210 ترلیون دینارە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە نێو بوودجەکەدا زامن کردووە، کە بڕەکەی نزیکەی 17 ترلیون دینارە، بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەت بۆ تێپەڕاندنی کێشەی مووچە.

هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی مووچە له خەرجی ڕاستەقینەوە دەخرێتە سەر خەرجی حاکیمە و داهاتە نانەوتیەکانیش بە پێی یاسایی کارگێڕی دارایی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی دەکرێت و پاشان 50% دەدرێتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان ڕێک کەوتوون.

لە خشتەی یاسایی بوودجەی ساڵی 2024 هەقدەستی کۆمپانیاکانی دەرهێنانی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک 8 دۆلار دیاری کراوە، بەڵام حکوومەتی هەرێم بەهۆی سەختی جوگرافیای کێڵگە نەوتییەکان 26ـی دۆلاری بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک دیاری کردووە، ئەمەش پێویستی بە هەموارە و هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی لە سەر نەکراوە.

عەلا حەیدەری، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: "ڕاستە بە نەتەوە کوردن، بەڵام هاووڵاتی عێراقن، هەموو ڕێککەوتنەکانیش لە چوارچێوەی یاسا و دستووردا کراون و کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست نابێت، بۆیە مووچەخۆران دڵنیا بن هاوشێوەی مووچەخۆری بەسرە و ڕومادی  بێ کێشە مووچەکانیان وەردەگرن".

Fly Erbil Advertisment