لە هەولێر ئاگر لە کارگەیەکی گاز کەوتەوە
ئاگر لە کارگەی گازی نەورۆز کەوتووە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.
شاخەوان سەعید گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی گواستنەوە و بە تاڵکردنەوەی گاز لە تانکەرەوە بۆ تانکی عەمبارکردنی گازی کارگەکە بووە و بەهۆیەوە تانکەرێکی گواستنەوەی گاز سووتاو و سێ کەسیش بە سووکیی بریندار بوون، پاشان گڕی ئاگرکە پەڕیوەتەوە بۆ تانکیی سەرەکی کارگەکە کە نزیکەی 100 تۆن گازی شلی تێدا بووە.
گوتیشی: ئەوانەی بریندارن پاسەوانێکی کارگەکە و برایەکی بوون لەگەڵ شوفێری تانکەرەکە، بەڵام سووتاوییەکانیان سووکە و جێگەی مەترسی نین.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕاشیگەیاند، زیاتر لە 15 تیمی بەرگری شارستانی بەشدار بوون و لە ماوەی یەک کاتژمێردا توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرکە بکەن.
کارگەی گازی نەورۆز لە سنووری شارەدێی قوشتەپە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکیی هەولێر – کەرکووک.