شیرین فوئاد مەعسووم: کوردستان24 بووەتە فێرگەیەکی بەنرخ لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا

شیرین فوئاد مەعسووم لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی کوردستان24، وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەرایەتی، رۆژنامەنووسان و تەواوی بینەرانی کەناڵەکە، یازدە ساڵ کاری راگەیاندن و پەیامی نیشتمانیی کوردستان24ـی بەرز نرخاند و رایگەیاند کە کەناڵەکە بووەتە فێرگەیەکی بەنرخ لە مێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا.

شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکی پەخشی کوردستان24، شیرین فوئاد مەعسووم لە پەیامێکدا دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەری گشتی، سەرجەم میدیاکاران، کادیران و بینەر و گوێگرانی کەناڵەکە دەکات.

لە پەیامەکەیدا، شیرین فوئاد مەعسووم رایگەیاندووە: "بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی ئاسمانیی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزبایی و دەستخۆشی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، رۆژنامەنووسان، میدیاکاران، کارمەندان و سەرجەم بینەران و گوێگرانی ئەم دامەزراوە گرنگ و نیشتمانییە دەکەم. لە دڵێکی پڕ لە شانازییەوە 11 ساڵ تێکۆشان لە کاری راگەیاندن و خزمەتی نیشتمانیتان بەرز و پیرۆز دەنرخێنم."

دەربارەی ئاسۆی داهاتووی کاروانی کەناڵەکە، لە پەیامەکەدا هاتووە: "بەهیوام لە ساڵانی ئاییندەدا لە سەکۆ جیهانی و نێودەوڵەتییەکان زیاتر ئامادەییتان هەبێت و بە چەندین زمانی نوێ پەیامی رەوای گەلی کوردستان بە گوێی دونیادا بدەن. دووبارە پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە بەرچاو و پڕ لە خزمەتەتان لێ دەکەین؛ دڵنیاین کە کەناڵەکە بەهۆی دیدگای قووڵ و هەوڵە نایابەکانتان، هەمیشە وەک فێرگەیەکی بەنرخ بۆ میدیای کوردی دەمێنێتەوە."

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 یازدە ساڵ لەمەوبەر لە 31ی ئۆکتۆبەری 2015 لە هەولێری پایتەختەوە دەستی بە پەخش کرد و تا ئێستاش بە چەندین زمانی زیندوو رووماڵی گرنگترین رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات.