میسر.. زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، نزیکەی 550 کیلۆگرام کۆکاین کە بەهای زیاتر لە یەک ملیار جونەی میسریە، لەناو کۆنتێنەرێکدا لە بەندەری پورسەعیدی ڕۆژهەڵات لەسەر دەریای سوور دەستی بەسەردا گیراوە.

وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەکەیدا لەسەر پلاتفۆرمی  "ئێکس" ڕایگەیاند، " بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بە بەهای نزیکەی 1.650 ملیار جونەی میسریە، واتە زیاتر لە 34 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "ئیدارەی گشتی کۆنترۆڵی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ خزمەتگوزارییە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، کۆنتێنەرێکیان دۆزیوەتەوە کە بارێکی گەورەی ماددەی هۆشبەری تێدابووە لەسەر کەشتییەک کە لە بەندەری وڵاتێکی بیانییەوە هاتووەتە بەندەری ڕۆژهەڵاتی پورسەعید، وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەی بۆ یەکێک لە وڵاتانی دیکە".

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردۆتەوە، ئەم بڕە زۆرەی ماددە هۆشبەرەکان لەناو بارێکی ماسی بەستوودا دانراوە.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەشهاتووە، ڕێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو وڵاتە ئاشکرا بکرێت کە بارەکە لێیەوە هاتووە، یان ئەو وڵاتەی کە بڕیار بووە ئەم بڕە زۆرەی ماددە هۆشبەرەکان بەرەو ئەو وڵاتە بڕوات.