هەرێمی کوردستان.. ڕێژەی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان کەمبووەتەوە

بازاڕی سلێمانی
بازاڕی سلێمانی

K24 – سلێمانی:

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بۆماوەی دووساڵە بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكەی ئیدارەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كار بۆ بنبڕكردنی دیارەی سواڵكردن بە منداڵان و هەروەها كاركردنی بە منداڵ دەكات توانراوە بەو ڕێكارانەی گیراوەتنەبەر ڕێژەی كاركردن و سواڵكردن بە منداڵان لە پارێزگاكان كەمبكرێتەوە.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەهەماهەنگی یەكە ئیدارەكانی پارێزگاكانی هەرێم، لە ساڵی 2023  ئەنجوومەنێكی بە ناوی ئەنجوومەنی پاراستنی منداڵان پێك هێناوە، كار بۆ نەهێشتنی دیاردەی كاركردن و سواڵكردن بە منداڵ دەكات.

بێستون جەبار، بەڕێوەبەری چاودێری کۆمەڵایەتی سلێمانی بە وەکالەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە هەوڵ دەدەین لە ڕێگەی توێژەرانەوە خوێندنەوە بۆ بارودۆخی ئەو منداڵانە بکەین کە لەسەر شەقام و بازاڕەکان کار دەکەن، ئەگەر زانیمان هەروەکو بازرگانییەک دایک و باوکیان کاریان پێ دەکەن ئەوا تووشی لێپێچینەوەی یاساییان دەکەینەوە.

لەناو ئەنجوومەنی پاراستنی منداڵان، بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی تاوانەكانیش هەیە كە بەپێی‌ یاسای ژمارە 6 ساڵی 2018ـی پەرلەمانی كوردستان سواڵكردنی منداڵ یاخود كارپێكردنی منداڵ یەكێكە لە تاوانەكانی بازرگانیكردن بە منداڵ، بۆیە لەڕێگایەوە كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو باندانەش دەكرێت كە بە گرووپ كار بە منداڵان دەكەن ، كە زیاتر منداڵان لە پارێزگاكانی خواروو  و ناوەرڕاستی عێراق دەهێننە هەرێم و كاریان پێدەكەن.

لای خۆیەوە، ئاریان حەسەن، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوانەكان لە سلێمانی، بە کوردستان24ـی گوت: لێپێچینەوە لەگەل ئەو کەسانەی کە لە پشت سواڵپێکردنی منداڵن دەکرێت.