گوهدار شێخۆ: شۆڕشێك له ئاوه‌دانیی و پێشكه‌وتنی زاخۆ به‌رپا بووه

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات، له سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌مدا گرنگی زۆر به زاخۆ درا و كرایه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ؛ ده‌شڵێت، شۆڕشێك له ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتن به‌رپا بووه.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 25ـی ئایاری 2024) گوهدار شێخۆ، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له میانی به‌رنامه‌ی "بۆ هه‌مووان" كه له لایه‌ن سه‌هێن موفتی له كوردستان 24ـدا پێشكه‌ش ده‌كرێت، گوتی، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌مدا گرنگی زۆری به زاخۆ دا و كردییه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ.
گوهدار شێخۆ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، له‌وه‌ته‌ی زاخۆ بووه‌ته ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، شۆڕشێك له ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتن به‌رپا بووه.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، ئه‌و پڕۆژانه‌یان جێبه‌جێ كردووه كه په‌یوه‌ستن بوونه به ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییان.
گوهدار شێخۆ جه‌ختیشی كرده‌وه له سه‌ره‌تادا پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هاووڵاتییان جێبه‌جێ كرد و كاری جیددین كرد بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی ئاو و ڕێگه‌وبان و پاككردنه‌وه و هه‌ر كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییان.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی زاخۆ به‌ر له‌وه‌ی بكرێته ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ، ته‌نیا 35%ـی ڕێگه‌وبانه‌كانی قیڕ بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌كیان ئاماده كرد و خستیانه به‌ر ده‌ستی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، به خۆشحاڵییه‌وه په‌سندی كرد و ئێسته 81%ـی ڕێگه‌وبانه‌كان قیڕ كراون و به‌رده‌وامیش ده‌بن.
ڕۆژی دووشەممە 20ـی ئەیلوولی 2021، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە شاری زاخۆ بەڕێوە چوو.
زاخۆ، ده‌كه‌وێته باكووری پارێزگای دهۆك، له ساڵی 1864ـه‌وه بووه‌ته قه‌زا، رووبه‌ره‌كه‌ی 1209 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه و ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 300 هه‌زار كه‌سه، جگه له‌و ژماره‌یه، 90 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ری لێ ده‌ژیت.
قه‌زای زاخۆ له شاره‌دێیه‌كانی (باتیفا، ده‌ركار و رزگاری) پێكهاتووه، له سنووری قه‌زاكه 187 گوند هه‌یه، 92 گوند ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه و 95 گوندش به‌هۆی شه‌ڕێ په‌كه‌كه‌وه نه‌توانراوه ئاوه‌دان بكرێنه‌وه.
ناحیه‌ی رزگاری، 49 گوند و 5 كۆمه‌ڵگه له‌خۆده‌گرێت، ناحیه‌ی ده‌ركایش 63 گوند و 3 كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه، ناحیه‌ی باتیفا 75 گوند و 3 كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه، له زاخۆش 6 شاره‌وانی هه‌یه.
ناحیه‌ی باتیفا له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆكه‌وه پێشنیاز كراوه تا ببێته قه‌زا، پێشنیازه‌كه‌ش په‌سه‌ند كراوه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی بێگۆڤا و گوندی ئاڤه‌گه‌نیێ ببنه شاره‌دێی سه‌ر به باتیفا.
یه‌كێك له پڕۆژه پێشنیازكراوه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك، گۆڕینی ناحیه‌ی باتێل-ه ببێته قه‌زا، كه سه‌ر به قه‌زای سێمێله، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ی بۆ قه‌زای زاخۆ بگوازرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هه‌نگاوه جێبه‌جێنه‌كراوه.
له رووی ئابوورییه‌وه زاخۆ پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه و ده‌روازه‌ی سنووری "ئیبراهیم خه‌لیل" له سنووری قه‌زای زاخۆیه، هه‌رێمی كوردستان به توركیا ده‌به‌ستێته‌وه و رێگه‌یه‌كی بازرگانی گرنگه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش.
زاخۆ چه‌ندین شوێنه‌واری مێژووی گرنگی هه‌یه، كه به پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی دهۆك، (159) شوێنه‌واری مێژوویی له‌و قه‌زایه ده‌ستنیشانكراوه، له گرنگترینیان (پردی ده‌لال، كه‌للی زاخۆ، كه‌للی قوباد پاشا، شوێنه‌واری كێسته).
قه‌زای زاخۆ له باكووری پارێزگای دهۆكه، له رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای ئامێدی، ناوه‌ندی دهۆك و قه‌زای سێمێل له باشوور و باشووری رۆژئاوا، قه‌زاكه هاوسنووره له‌گه‌ڵ باكووری كوردستان.