شوان حەمید: بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی هەریر هەناردەی ئەمەریکا کراوە

کارگەی قوتووبەندی هەریر پشت بە بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی ناوخۆیی دەبەستێت، لەڕووی کوالێتییەوە کێبڕکێی بەرهەمی بیانی دەکات، لە ساڵانی ڕابردوودا گرفتی بە بازاڕکردنی هەبوو، ئاسانکارییەکانی کابینی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە ئێستا بەرهەمەکەی ڕەوانەی ئەمەریکا و سعوودیە و ئوردن دەکرێت و چاوی وڵاتانی دیکەشی لەسەرە.

شوان حەمید، بەڕێوەبەری کارگەی قوتوبەندیی هەریر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "زیاتر بەرهەمی دەرەوە دێتە ناو کوردستان و کێبڕکێی کوالێتییان لەگەڵ ئێمە پێ ناکرێت و ئێمە لەکوالێتییدا زۆر لەپێش ئەوانین، بەڵام کۆمەڵێک بەرهەمی وڵاتانی دەورووبەر، بەتایبەتی ئێرانی هەیە کە ئێمە ناتوانین لە ڕووی نرخەوە کێبڕکێیان لەگەڵدا بکەین، چونکە نرخیان زۆر لەهی ئێمە کەمتر دەوەستێت، ئەوە وای لە ئێمە کردووە، بەرەو دەرەوە بڕۆین".

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا بەرهەمی ئێمە لە دەرەوەی وڵات پێشوازییەکی زۆری لەسەرە زۆر ئۆفەرمان هەیە بۆ نموونە، مێد ئین کوردستان گەیشتە ئەمەریکا، بەشانازییەوە دەڵێین ئەو بارەی ئێمە گەیشتە ئەمەریکا، ئێستا ئۆفەری گەورەترمان هەیە بۆ ئەمەریکا بۆ وڵاتەکانی دیکە".

کارگەکە لە بەرهەمهێنان بەردەوامە بەڵام تەنها یەک شیفت کاردەکەن و لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی جووتیاران لێرەش توانای مرۆیی و هێزی کار بۆ سێ ئەوەندە زیاد دەکرێت.

دڵدار دڵشاد، سەرپەرشتیاری کارگەکە ئاماژەی بەوەدا، "بەلایەنی کەمەوە ئێستا 25 کەس کاردەکەن، ئەگەر بکەینە سێ شیفت دەبیتە 75 کەس، لە وەرزی تەماتە کە 15-20 ڕۆژێکی دیکە دەست پێ دەکات، دەبیت زیاتر کارمەندی زیاتر بهێنین، هەروەها ئەوانەی کە تەماتەی دەچێنن وئەوانەی تەماتەی لێ دەکەنەوە، ئەوەی بۆمان دەهێنێت دەگاتە سەرووی 800 کەس کە لەو کارگەیە سوودمەند دەبن".

کارگەی قوتوبەندی هەریر توانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی زیاتر لە 100 تۆنە و هیچ پێکاتەیەکی دیکەی تێکەڵ ناکرێت، لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە جوتیاران لە هەر شوێنێکی هەرێمی کوردستان دەتوانن بەرهەمەکانیان بگەیەننە کارگەکە، بۆ توانای مرۆیش تەواوی کارمەندەکانی ناوخۆین و دانیشتووی هەریرن.

پێشتر جوتیاران و کارگەکان بە بازاڕکردن گەورەترین گرفتی بەردەمیان بوو بەڵام  حکوومەتی هەرێمی کوردستان کابینەی نۆیەم لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەوڵەکانی بۆ بە بازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە چڕکردەوە، بەرهەمی دۆشاوی تەماتەی ئەم کارگەیە یەکێکە لەو نموونانە.

Fly Erbil Advertisment