قەتەر دوای کردنەوەی کونسوڵخانەکەی سێ پرۆژەی گەورە لە کوردستان جێبەجێ دەکات

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان ئێمە و وڵاتی قەتەر هەیە، قەتەرییەکان دوای کردنەوەی کونسوڵخانەکەیان سێ پرۆژەی گەورە لە کوردستان جێبەجێ دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی ئایاری 2024، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە کردنەوەی کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر، چەندان ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها هەماهەنگییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان دامەزراوەکانی حکوومەت بە گشتی و بەتایبەت دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ کونسوڵخانەی قەتەر.
بەگوتەی ئەو گوتەبێژە، "قەتەرییەکان چاوییان لە وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە وەبەرهێنە قەتەرییەکان پارەدارکردنی چەند پڕۆژەیەکییان کردووە لە کوردستان."
دەشڵێت: "دەستەی وەبەرهێنان لە بەرنامەیدایە هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنە قەتەرییەکان بکات، بەتایبەت هەر وەبەرهێنێکی بیەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات، 10 ساڵ لە باج و گومرگ دەیبەخشین، بەتایبەت ئەگەر وەبەرهێنانەکە لە بواری کشتوکاڵ و نەوت و گازدا بیت".
بەپێی گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، "ئەو پرۆژانەی کە قەتەرییەکان دەیانەوێت لە کوردستان بکەین، چەند پرۆژەیەکی پیشەسازی و نیشتەجێبوونن؛ ئەوانیش، یەکەمین کارییان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆییە کە پێشوازییەکی باشیشی لێ کراوە، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە بەربوومە خۆماڵییەکان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکانی خۆمان لە بواری کشتوکاڵ هەناردەی وڵاتی قەتەر بکرێتەوە، بە ڕێژەیەکی زۆر لەوەی ساڵی پار کە هەناردە کرابوون".
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکراشی کرد، "چەندان جار شاندی وەبەرهێنان هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی بواری نەوت و گاز".
هەروەها قەتەرییەکان چاوییان لەوەیە ناوچەیەکی گەورە بۆ باڵندە دەگمەن و کۆچەرەکان لە نزیک گوێڕ دروست بکەن کە بریتی دەبێت لە دارستانێکی گەورە. دەستەی وەبەرهێنان لای خۆیەوە پێی راگەیاندوون، کە "شوێنكی گەورە بۆ ئەو بابەت تەرخان کراوە کە تایبەت دەکرێت بە شوێنی ئەو باڵندانە".
بەرگەشت ئاماژەی بەوەش دا، ئامادەکاریی دەکرێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆڕبەندی ئابووری هاوبەش لەنێوان هەردوولادا لە هەولێر بکرێت. ئەو کۆڕبەندە، کۆڕبەندێکی جۆریی دەبێت لە ناوچەکەدا، بڕیاریشە حکوومەتی قەتەر لە ئاستی بەرزدا تێیدا ئامادە بێت، لەگەڵ زیاتر لە 100 وەبەرهێن.
هەروەها گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "وەبەرهێنەرانی قەتەر بەنیازن پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە زیرەکیی دەستکرد تێیدا بەکاردێت لە هەولێر دروست بکەن، کە چەندان تاوەری گەورە لەخۆ دەگرێت، ئەوەش گەورەترین پڕۆژەی قەتەری دەبێت لە کوردستان، بە زیرەکیی دەستکرد". گوتیشی، "ڕامانگەیاندووە، هەموو پاڵپشتییەک و ئاسانکارییەک بۆئەو بابەتە دەکەین، بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان".
"ئەوان لەڕووی وەبەرهێنانەوە زۆر بەهێزن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکان وەبەرهێنان دەکەن". بەرگەشت ئاکرەیی وا دەڵێت.
بڕیارە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەولێر کاتژمێر 06:00 ئێوارە بکرێتەوە. حوسێن بن علی فەزالە، وەکوو کونسوڵی گشتیی قەتەر لە هەولێر دەستنیشان کراوە.
لە ڕۆژی هەینییەوە، 24-05-2024، شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، به سهرۆكایهتیی ئهحمهد حهسهن، ئهمینداری گشتیی وەزارەتەکە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتییان لە شاری هەولێر، لە هەرێمی کوردستانە و دوێنێ شەممە، 25-05-2024، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی قەتەر پەیوەندییەکی درێژخایەنە و لە 16ی شوباتی 2022دا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەوحە لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازیى قەتەر شێخ محەمەد بن حەمەد ئال سانی کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر تاوتوێ کرا، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و پیشەسازیدا، هەروەها دەربارەی دەرفەتەکانی بەھێزکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەردوولادا گفتوگۆ کرا.
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕەکانی دەرەوەی هەرێم لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2022، دوو هەزار و 500 تۆن هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیمارات، قەتەر و بەریتانیا کرا.
هەروەها بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە 10 تاوەکوو 19ـی شوباتی 2024، هەنگوینی چیاکانی کوردستان لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین لە قەتەر نمایش کرا.