لیستی مووچەی مانگی ئایار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت

دیناری عێراقی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
دیناری عێراقی (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەغدا دەکرێت و یەکەم گوژمەی داهاتی ناوخۆش ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-05-2024، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی ئامادە کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ڕەوانەی بەغدای بکات".

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم گوژمەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات و بۆ ئەو مەبەستە هەژمارێکی بانکیی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بڕە پارەکەی بخرێتە سەر.

وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی سێشەممە، 14-05-2024، 168 ملیار دینار و ڕۆژی چوارشەممەش، 15-05-2024، 443 ملیاری وەکو مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی بەشێکی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق؛ بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی نەناردووە.

لەوبارەوە ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیستی مووچەی مانگی نیسانی هەموو هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە و ئێستا وردبینی بۆ دەکرێت، "چاوەڕێ دەکرێت کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکانیش بنێردرێت".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.