لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ڕاهێنەر بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتیوان دروست دەکرێت

دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە خولێکدا ڕاهێنەر دروستدەکات، بۆ ئەوەی لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتیوان ڕاهێنان بە سەدانی کەسی دیکە بکەن.
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک خولێکی ئەزموونیی بۆ چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئامار بەڕێوە دەبات.
گوهدار محەممەد، بەرپرسی کەرتی هونەری و مەیدانیی سەرژمێری ڕایگەیاندووە، ئەم خولە لە پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بەڕێوە دەچێت، تایبەتە بە سەرژمێریی ئەزموونی، وەکوو ئامادەکاریی بۆ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەوانەی لەم خولە بەشداری دەکەن باشترینیان وەک ڕاهێنەر هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە کەسانی دیکە بکەن، بۆ ئامادەکاریی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە تشرینی دووەم.
بەپێی زانیارییەکان، لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 130 فەرمانبەری ئامار بەشداریی خولەکە دەکەن و ڕاهێنان لەسەر گەمارۆسازی و سەرژمێری بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەکەن، خولەکە بەشێوەی مەیدانی بەڕێوە دەچێت، دواتر کەسانی ڕاهێنراو، ڕاهێنان بە سەدان کەس دەکەن.
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، کاری مەیدانیی لە گەڕەکێکی هەولێر دەست پێ دەکەن، بۆ تاقیکردنەوەی پرۆسەکە وەکوو تۆمارکردنی داتا و بەکارهێنانی تابلێت، هەروەها ئەو فۆڕمەی دانراوە بۆ سەرژمێری جێبەجێی دەکەن، لە کۆتایی مانگیش پرۆسەیەکی گەورەتری گەمارۆسازیی و ژمارەدانان دەست پێ دەکات، بۆ زانینی ئەوەی لە گەڕەک و شار و گوند، دەتوانن ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئەنجام بدەن، تاوەکوو دەگەن بە پرۆسەیەکی گشتگیرتر، دوو مانگ پێش ئەنجامدانی سەرژمێریی ئەوکاتە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتگیری پرۆسەیەکی گەمارۆسازیی و ژمارەدانانی بۆ دەکرێت، لە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دەست پێ دەکات و 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، 20 هەزار فەرمانبەر پێویست بێت تاکوو پرۆسەکە جێبەجێ دەکرێت.