کۆچ بۆ ئەوروپا 36% کەمیکردووە و بە پێچەوانەشەوە گیانلەدەستدان دووهێندە زیادبووە

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی وڵاتانی ئەوروپا بۆ بنەبڕکردنی لێشاوی کۆچی نایاسایی تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەنجامەکان بپێکن. هەریەک لە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) و ئاژانسی پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا (Frontex) لەگەڵ پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان زانیاریی نەبیستراو بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرادەکەن، بەگوێرەی تۆمار و ئامارەکانیان رێژەی کۆچی نایاسایی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 36% کەمیکردووە، بەڵام خنکان بە رێژەی 9% زیادی کردووە.

تۆمارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بۆ کوردستان24: کۆچی نایاسایی کەمبووەتەوە، بەڵام حاڵەکانی گیانلەدەستدان لە رێگەی کۆچ زیادیانکردووە

بەگوێرەی ئەو داتایە فەرمییەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بە کوردستان24ـی داوە، لە 1ـی کانوونی دووەم تا 12ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆی گشتی 70 هەزار و 598 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسییەوە گەیشتوونەتە ئەوروپا. ئەم ژمارەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 36% کەمیکردووە. لە کاتێکدا ساڵی 2025 نزیکەی 110 هەزار و 817 کۆچبەری نایاسایی گەیشتبوونە ئەوروپا.

سەرەڕای ئەم دابەزینە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە رێژەی 9% زیادی کردووە، لە 2 هەزار و 237 کەسەوە بۆ 2 هەزار و 437 کەسی تۆمارکراو بەرزبووەتەوە.

رێگە سەرەکییەکانی قاچاخچییەتی بە گوێرەی تۆمارەکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی 

- پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ماڵتا و ئیتاڵیا:

گەیشتنی کۆچبەران بە رێژەی 55% کەمیکردووە 24،455 کەس، بەڵام خنکان لە 921 حاڵەتەوە بۆ 1،006 حاڵەت هەڵکشاوە. نزیکەی 20 هەزار کەس لە دەریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ لیبیا، لە کاتێکدا IOM جەختدەکاتەوە کە "لیبیا بەندەرێکی ئارام نییە بۆ گەڕاندنەوە".

- دەریای ئیجە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو یۆنان:

ژمارەی گەیشتووان لە 30 هەزار و 140 کەسەوە بۆ 25 هەزار و 433 کەس دابەزیوە، بەڵام ژمارەی گیانلەدەستدان بە شێوەیەکی مەترسیدا نزیکەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە لە 295 حاڵەتەوە بۆ 521 حاڵەت زیادیکردووە.

دەریای ناوەڕاستی رۆژئاوا بەرەو ئیسپانیا: 

گەیشتن لە 12 هەزار و 782 جێگیر بووە، بەڵام گیانلەدەستدان لە 326ـەوە بۆ 456 بەرزبووەتەوە.

رێڕەوی دوورگەکانی کەناری: 

گەیشتن لە 12 هەزارەوە بۆ 7 هەزار دابەزیوە و خنکانیش لە 695ـەوە بۆ 454 کەمیکردووە.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بە کوردستان24ـی راگەیاند "کەمبوونەوەی پەڕینەوە بە واتای کەمبوونەوەی مردن نییە، لە رووی ژمارەییەوە ئەمە قەیران نییە، بەڵام لە رووی مرۆییەوە کارەساتێکی گەورەیە. زیاتر لە 26 هەزار کەس لە ساڵی 2014ـوە لە دەریای ناوەڕاست خنکاون".

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی رێژەی مردن لەمساڵدا دەکات و دەڵێت: لە شەش مانگی یەکەمی 2026دا تۆڕەکانی قاچاخچییەتی زیاتر پەنایان بۆ بەلەمی لاستیکی (تیووپ) بردووە کە زۆر لە بەلەمە دارینە پتەوەکانی ساڵی 2025 ناسکترن و بە ئاسانی لە ناو دەچن، ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ کەشوهەوای زریاناوی لە دەریای ناوەڕاست (وەک زریانی هاری) لە سەرەتای ساڵدا.

بەڵگەنامەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بۆ کوردستان24، وردەکاریی دوو کارەساتی مەرگبار ئاشکرا دەکەن

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان پەڕاوی لێکۆڵینەوە لە دوو رووداوی کارەساتبار لە دەریای ئیجەی بۆ کوردستان24 ناردووە، تێیدا پەردە لەسەر رەفتاری توند و بێپەرواکانی قاچاخچییەکان هەڵدەماڵن:

- کارەساتی لێسبۆس (پێکدادان لەگەڵ کەشتیی سەربازی):

لە باشووری ئەگریلیا لە دوورگەی لێسبۆس، بەلەمێکی خێرای پۆلیستەر بەبێ هیچ رووناکییەک و بە خێراییەکی لەڕادەبەر لە کەناراوەکانی تورکیاوە بەرەو یۆنان رێ دەکات. سەرەڕای هۆشداریی دەنگی و رووناکی، شۆفێری بەلەمەکە بە ئەنقەست خۆی کێشاوە بە لای چەپی کەشتیی دەوریەی کەناراوەکانی یۆناندا.

لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا تەواوی سەرنشینەکان کەوتوونەتە ناو دەریا و بەهۆیەوە 6 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا (4 پیاو، 1 ئافرەت، و 1 منداڵی ساوا)؛ هاوکات 8 کۆچبەر رزگارکراون و رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی میتیلینی کراون.

لەبارەی قاچاخچییەکە ئاماژەی داوە، کەسێکی تەمەن 37 ساڵی بە رەچەڵەک تورک بووە و بە تۆمەتی قاچاخچییەتی دەستگیرکراوە، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و هۆکاری کارەساتی دەریایی راپێچی دادگا کراوە.

- کارەساتی سامۆس (هەڵگەڕانەوەی بەلەم لە کاتی راوەدووناندا):

لە باکووری دوورگەی سامۆس، بەلەمێکی خێرا بە بزووێنەرێکی بەهێزی 300cc/hp لە دەست هێزە دەریاییەکانی تورکیا هەڵاتووە و سنووری ئاوی یۆنانی بەزاندووە. لە کاتی نزیکبوونەوەی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان، بەلەمەکە بە خێراییەکی زۆرەوە بۆ دەربازبوون، سەرکێشی کردووە و بەهۆیەوە وەرگەڕاوە.

لەو رووداوەکەدا، 6 کۆچبەر گیانیانلەدەستدا (5 پیاو و 1 ئافرەت)، هەروەها 3 کۆچبەری دیکە بێسەروشوێنن، 16 کۆچبەر رزگارکراون (4 کەسیان رەوانەی نەخۆشخانە کراون و ئەوانی دیکە براونەتە کەمپی داخراوی سامۆس)؛ هاوکات گەنجێکی تەمەن 29 ساڵی بە رەچەڵەک ئێرانی وەک شۆفێر و قاچاخچی ناسێنراوە و دەستگیرکراوە.

فرۆنتێکس بۆ کوردستان24: قاچاخچییەکان هەرچی هۆکار و ئامێری بێ کوالێتی هەیە بەکاریان دەهێنن

لە وەڵامی پرسیارەکانی کوردستان24دا، سەبارەت بە تاکتیکی نوێی تۆڕەکانی قاچاخ، نووسینگەی رۆژنامەوانیی ئاژانسی فرۆنتێکس (Frontex) رایگەیاند: قاچاخچییەکان بە گشتی کۆچبەران دەخەنە مەترسییەوە، بە تایبەت بە بەکارهێنانی بەلەمی سادە، هەرزان و بێ مەرجی سەلامەتی بەکاردەهێنن، هەروەکا زیاد لە توانای هەڵگرتن، کۆچبەران سەردەخەن، بەبێ هەبوونی کەرەستەی فریاگوزاری، وەک هێلەکی رزگاربوون، یان دانانی شۆفێری بە ئەزموون. هاوکات دەرچوون لە کەشوهەوای زۆر نالەبار و سەرکێشی مەترسیدار بۆ خۆدزینەوە لە دەستگیرکردن، ئەمانەش ئەرکی تیمەکانی فریاگوزاری زۆر قورس کردووە.

پێشنیازی چارەسەر 

هەردوو ئاژانسە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی و ئاژانسی فرۆنتێکس لە وەڵامەکانیاندا بۆ کوردستان24 جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن لە دەریا بەس نییە بۆ رێگری لە خنکان یان مردنی کۆچبەران. رێکخراوی کۆچ داوا دەکات رێگەی یاسایی و سەلامەت (وەک ڤیزای کار، یەکگرتنەوەی خێزان و مافی مرۆیی پەنابەریی) فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی کۆچبەران ناچار نەبن خۆیان بخەنە دەست باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، هاوکات فرۆنتێکس داوای چڕکردنەوەی چاودێریی ئاسمانی و دەریایی و گۆڕینەوەی خێرای زانیارییەکان لە نێوان دەوڵەتاندا دەکات.