لە کوبا خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانە دەگمەن بوونە

خەڵکی کوبا خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێت (وێنە: AFP)
خەڵکی کوبا خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێت (وێنە: AFP)

خەڵکی کوبا خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەیان دەست ناکەوێت، هەر بۆیە کۆچبەرە کوبییەکان لە وڵاتانی وەک ئەمەریکا و کەنەدا لە جیاتی ناردنەوەی پارە؛ خۆراک، دەرمان و پێداویستی دیکە بۆ کەسوکارەکانیان دەنێرنەوە.

قەیرانی ئابووریی لە کوبا دۆخێکی سەختی بۆ هاووڵاتییانی دروست کردووە، ئەمەش وایکردووە کۆچبەرە کوبییەکان لە جیاتی ناردنەوەی پارە، خۆراک بۆ کەسوکاریان بنێرنەوە. مارییا، دانیشتوویەکی هاڤانای پایتەختی ئەو وڵاتەیە، دوو منداڵی لە ئەمەریکا دەژین و بۆ هاوکاریی دایک و باوکیان هێلکە و گۆشت و چەندین خۆراکی دیکەیان ناردووەتەوە.

ماریا پایێز، هاووڵاتیی کوبا دەڵێت:" گەیشتنی ئەو ئەو خۆراکانە وایکردووە هەست بە ئاسوودەیی بکەین، بەڵام بۆ ئێمە شادەماری ژیانمان نییە، چونکە ماوەیەکی دیارکراوە بە دەستمان دەگات، ئەو بەرهەمانەی بۆ مانگێک پێویستمان پێیە دەستنیشانیان دەکەین و بە دەستمان دەگات."

لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی دلیڤەری لە ئەمەریکا، کە نزیکەی دوو ملیۆن کوبی لێیە، هەروەها لە مەکسیک و کەنەدا و ئیسپانیا پێداویستییەکان دەگەینرێنە دوورگە گەمارۆدراوەکە. هاووڵاتییەکی کوبا کە لە ئەمەریکا دەژی دەڵێت، ناردنەوەی پارە سوودی نییە، چونکە پێداویستییەکانیان دەست ناکەون.

ماریبێل ڕیۆس، هاووڵاتییەکی کوباییە و لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمەریکا دەژیت، ئاماژە بەوە دەدات، " هەندێک جار پێم دەڵێن پارەمان هەیە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت دەستمان ناکەوێت، بۆیە ناچارین هەموو شتێک لێرەوە بنێرین."

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید 19ـەوە، کوبا بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، نرخی 30 هێلکە 27 دۆلارە، لە کاتێکدا مووچەی مانگانە لەنێوان 30 بۆ 40 دۆلارە، هەروەها ساڵی 2019 نزیکەی 3 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار لە ئەمەریکاوە نێردراوەتە کوبا، بەڵام 2023 بڕی پارەی نێردراو بۆ ملیارێک و 900 ملیۆن دۆلار کەمی کردووە.