خەیاری بە تامی ئاکرێ دەگاتە بازاڕەکان

لە هەرێمی کوردستان وەرزی پێگەیشتنی خەیارە. جووتیارانی سنووری ئاکرێ دەستیان بە کۆکردنەوەی بەرهەمی خەیار کردووە و خواستێکی زۆری لەسەرە.

حەیدەر عەبدولرەحمان، جووتیارێکی سنووری ئاکرێیە، ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستی کردووە بە لێکردنەوەی بەرهەمی خەیار لەنێو خانووە پلاستیکییەکاندا. وەکو خۆی دەڵێت، بەرهەمی ئەمساڵی  خەیارەکەی زۆر بە باشی پێ گەیشتووە.

دوای لێ کردنەوەی لەنێو خانووە پلاستیکییەکاندا، بۆ فرۆشتن دەبردرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. وەکو ئەوەی حەیدەر عەبدولرەحمان باسی کرد، "بەرهەمی ئەمساڵی خەیارمان زیاتر لە مانگێکە زۆر بە باشی پێگەیشتووە. بێجگە لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هەناردەی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش دەکەین".

جووتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ، بە ڕێژەیەکی بەرچاو سەرنجیان خستووەتە سەر بەرهەمهێنانی خەیار. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ گوتی، "جووتیارانی سنووری قەزاکەمان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لە بەرهەمێنانی خەیار کردووە، ئەمەش بۆ کەشوهەوای گونجاوی دەڤەرەکەمان، بە بازاڕکردنی بەرهەمەکە، شارەزایی جووتیاران و ئاسانی بەرهەمهێنانی بەرووبوومەکە دەگەڕێتەوە".

لەمساڵدا زیاتر لە دوو هەزار خانووی پلاستیکی لەلایەن جووتیارانی سنووری قەزای ئاکرێ بۆ بەرهەمهێنانی خەیار دانراون. پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی خەیاری ئاکرێ بگاتە سەرووی 20 هەزار تۆن و نرخی هەر کیلۆگرامێکیش بە 400 بۆ 600 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.