ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سێیەمی ئێرانە لە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشکدا

خەسرۆ شەهبازی سەرۆکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی ورمێ ڕایگەیاند، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هەڵهێنەرەکانی سنووری پارێزگەکە پێنج ملیۆن و 665 هەزار جووجەڵەیان هەڵهێناوە، کە بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 41% زیادی کردووە، بەمەش هیچ گرفتێک لە بەردەم دابین کردنی بڕی پێویستی گۆشتی پەلەوەر لە سنووری پارێزگاکە نامێنێت.
شەهبازی ئاماژەی داوە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا چوار ملیۆن و 912 هەزار جووجەڵە هەڵهێنراوە، بەڵام ئەم مانگە بەراور بە مانگی نیسانی ڕابردوو هەڵهێنانەکان بە نزیکەی 11% بەرهەمەکانیان زیادی کردووە.
خەسرۆ شەهبازی بە میدیای فەرمیی ئێرانی ڕاگەیاندووە، پارێزگای ورمێ لە ئاستی ئێراندا لە ڕیزبەندی سێیەمین پارێزگاکانە بۆ هەڵهێنان و دابینکردنی جووجەڵەی مریشکی گۆشت و بەرهەمی ساڵانەی 113 ملیۆن جووجەڵەیە.
ڕاشیگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو ورمێ توانای ڕۆژانەی لە بەرهەمی گۆشتی پەلەوەر 300 تۆن بووە و بە درێژایی ساڵەکەش 108 هەزار تۆن بووە، بەڵام پێویستی پارێزگاکە لە نێوان 260 بۆ 270 تۆندایە و زیادەی بەرهەمی گۆشتەکە ڕەوانەی پارێزگاکانی دیکەی ئێران و بەشێکیشی هەناردەی عێراق دەکرێت.
هەر بە گوتەی سەرۆکی ڕێکخراوی کشتوکاڵی ورمێ لە سنووری پاڕیزگاکە 858 پرۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەری گۆشتی هەن.