حاجییان خۆیان لە کۆمپانیا ساختەکارەکان بە دوور بگرن

حەجکردن
حەجکردن

وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە ڕایگەیاند، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدوای کۆمپانیا ساختەکاندا دەگەڕێن، ڕوونیشی کردەوە کە لەگەڵ "پاکستان، میسر و عێراق" و ژمارەیەک وڵاتدا کار دەکەن بۆ بەردەوامیی لەو هەڵمەتەدا. جەختیشی کردەوە، سیستمی حەج بەرگەی هاتنی خەڵک بە ناڕێک و پێکی بۆ شوێنە پیرۆزەکان ناگرێت.

د. عائیز غوەینم، بریکاری وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی ڕاگەیاند، ئەو کارانەی کە کۆمپانیا ساختەکان دەیکەن "تاوانێکی تەواوە" ئینجا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بێت.

جەختی لەوەش کردەوە، ئامادەیی لە سیستەمی نیشتمانی حەجەوە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە کارە هەڵانە، ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی حەج و عومرە ئارەزووی ئەوە دەکات بتوانێت خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات، هەروەها دەبێت دڵنیا بێت لەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە حاجیان دەکرێت بەگوێرەی ئەو گرێبەستەیە کە لەگەڵیاندا کراوە.

باسی لەوەش کرد، ئێمە پۆلێنکردنێکی چەندایەتی و چۆنایەتیمان بۆ خزمەتگوزارییەکان داڕشتووە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ دەستکاریی یان هیچ کەموکورتییەک لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجیان ڕوو نەدات.

غوەینم گوتیشی: پێنج ساڵ پیش ئێستا، ئەو کۆمپانیایانەی لەدەرەوەی وڵات خزمەتگوزارییان پێشکەشی حاجیان دەکرد شەش کۆمپانیا بوون، بەڵام ئێستا 35 کۆمپانیان. دەشڵێت: ئەمساڵ 15 کۆمپانیای نوێ مۆڵەتیان لە بواری میواندارییدا پێدراوە.

غوەینم دەڵێت: "پەیامێک دەنێرین بۆ هەموو ئەوانەی ئارەزووی حەجکردن دەکەن، بۆ حاجیانی ناوخۆ دەبێت لە ڕێگەی پلاتفۆرمە فەرمییەکانی "نوسک"ەوە داواکاریی پێشکەش بکەن، هەروەها فەرمانگەکانی کاروباری حاجیانیش لە وڵاتانی ئیسلامی داواکارییەکان پێشکەش دەکات، بۆ وڵاتانی نائیسلامیش لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "نوسک حەج"ەوە دەبێت"، وە بەخێرهاتنی ئەو کەسانە دەکەین کە ئەمساڵ توانیان کورسیی بۆ حەج بەدەست بهێنن.

گوتیشی: ئاگاداری ئەو کەسانە دەکەینەوە کە کورسیی حەجیان بەدەست نەهێناوە، نەیەن، چونکە بە 10 هەزار ڕیالی سعوودی سزا دەدرێت و دیپۆرتیش دەکرێتەوە.

 

لەوبارەوە ڕۆژی سێشەممە(21ـی ئایاری 2024)،کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە هۆشداریمان بەو کۆمپانیانەی حەج و عومرە داوە کە بە مۆڵەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، خۆیان بەدوور بگرن لە بردنی هاووڵاتیان بۆ حەج بە ڤیزای ساڵیی، یاخود ڤیزای عومرە و فیزای گەشتکردن و بازرگانیی. دەشڵێت: لێژنەکانمان لێرە و لەوێ چاودێریی ئەوە دەکەن کێ ئەو خەڵکە دەگوازێتەوە؟ ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەوشێوەیە سەفەری حەجیان کردووە، بێ ئەوەی ڤیزای حەجیان هەبێت.

کاروان ستونی دەڵێت، سعوودیە ڕایگەیاندووە، هەر خەڵکێک بەهەر جۆرە ڤیزایەک حەج بکات، دەستگیر دەکرێت، ئێمە خەڵک ئاگادار دەکەینەوە بۆ ئەوەی دووچاریی کێشەی یاسایی نەبنەوە.

دەشڵێت، هەر کۆمپانیایەک لەسەری ساغ بێتەوە خەڵکی بە ڤیزای بازرگانیی بردبێت بۆ حەج، کە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی سعوودیەیە، ڕێگەیان پێ نادرێت جارێکی دیکە کاری گواستنەوەی حاجیان بکات.

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند، 27ــی مانگ یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون، 29ـی مانگیش حاجیانی کوردستان لەڕێگەی وشکانی بۆ سعوودیە بەڕێ دەکەون، دەشڵیت، ئامادەکاریی پێویست بۆ حاجیان کراوە.