کرووس لە مەدرید دەمێنێتەوە

دوایین یاری تۆنی کرووس لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ (وێنە: AFP)
دوایین یاری تۆنی کرووس لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ (وێنە: AFP)

تۆنی کرووس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە شێوەیەکی یەکجارەکی واز لە یاریکردن دەهێنێت، خۆی و خێزانەکەی لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەمێننەوە و وڵاتەکە بەجێ ناهێڵن، بۆ ئەوەی بەردەوام لە یانەی ڕیال مەدرید نزیک بێت.

ئەستێرە ئەڵمانیاکە کە 22 نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بە دەست هێناوە، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بە درێژایی ئەو 10 ساڵەی لە یانەی ریال مەدرید یاری کردووە، هەستی کردووە لە ماڵی خۆی بووە و وەکو خۆی گوتی، "نیشتیمانێکی نوێم دۆزییەوە".

ئەستێرەکەی مانشافت دوایین یاری خۆی لەگەڵ ڕۆخێ بلانکوس، ڕۆژی شەممەی داهاتوو، 01-06-2024، لە یاریگەی وێمبلی، لە یاری کۆتایی چامپیونزلیگ لە بەرامبەر یانەی بروسیا دورتموندی ئەڵمانی دەکات؛ ئەگەر نازناکەوە لەگەڵ یانەی شاهانە بباتەوە، دەبێتە خاوەنی شەش نازناوی چامپیونزلیگ بەوپێیەی نازناوێکی لەگەڵ بایرن میونشن و چوار نازناویشی لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێناوە.

ڕۆژی شەممە، 25-05-2024، تۆنی کرووس دوایین یاری خۆی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ یانەی ڕیال مەدرید کرد و بە یەکجاری ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە کرد. یارییەکە لە دوایین گەڕی خولی ئیسپانیا بوو بەرامبەر یانەی ریال بێتس و بە ئەنجامی 0-0 کۆتایی هات.

کرووس ساڵی 2014 بە گرێبەستێک بە بەهای 25 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە لەسەر داوای کارلۆ ئەنشلۆتی، ڕاهێنەری ئێستای یانەی ڕیال مەدرید، ڕووی کردە یانە شاهانەکە. لە 10 ساڵی ڕابردوودا 751 یاریی بە درێسی یانەکەوە کردووە، 73 گوڵی تۆمارکردووە و 165 گۆڵی دروست کردووە.

Fly Erbil Advertisment