چوار هۆكار وایكرد چاڤی لە بارسێلۆنا دووربخرێتەوە

بە گوێرەی رۆژنامەنووسەكانی نزیك لە یانەی بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دەست نیشانکردنی چاڤی هێرناندێز وەکو راهێنەری یانەکەی نەبوو، بەڵام لەسەر داواکاری هاندەران و دوای فشارێکی زۆر، ناچار بوو ناوەڕاستکارەکەی پێشووی یانەکەی، لە شوێنی رۆناڵد کومان دەست نیشان بکات و هەر لە رۆژی یەکەمیشەوە، بە دوای بیانۆ دەگەڕا بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە.
راهێنەرەکەی پێشووی بارسێلۆنا لە یەکەم وەرزی لەگەڵ یانەکەی، توانی دوو ناسناو بەدەست بهێنێت، هەر ئەمەش وایکرد کە سەرۆکی یانەکەی هەندێ متمانەی پێ ببەخشێت و بیر لە دوورخستنەوەی نەکات، بەڵام دواجار بەرگەی نەگرت و بە بیانۆی چوار هۆکاری سەرەکی، بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەری یانەکەیدا.
هۆکاری یەکەم: لێدوانەکانی ئەو راهێنەرە وایكرد خوان لاپۆرتا بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی بدات، كاتێك چاڤی رایگەیاند یانەکەی وەرزی داهاتووش ناتوانێت کێبڕکێی لەگەڵ ریاڵ مەدرید و یانە گەورەکانی ئەوروپا لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکات، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی یانەکەی.
هۆکاری دووەم: توانای جەستەیی یاریزانەکان هۆكارێكی دیكە بوو بۆ دوورخستنەوەی چاڤی، بەوپێیەی لە کۆتاخولەکەکانی یارییەکان، یاریزانەکانی بارسێلۆنا لەرووی توانی جەستەییەوە زۆر لاواز دەبینران، پێشتر لاپۆرتا لە یارییەكی چامپیۆنزلیگ چاڤی ناچار کرد گۆڕانکاری لە پێکهاتەی تیپەکەی بەرامبەر ئانتوێرپی بەلجیکا بکات، ئەوە ڕوون بووەوە کە هیچ متمانەیەک بە بڕیارەکانی چاڤی نییە. لەبەر ئەوەی رەخنەیەکی زۆر لە تیپەکەی چاڤی دەگیرا.
هۆکاری سێیەم: لاپۆرتا هیچ متمانەیەکی بە بڕیارە تاکتیکییەکان چاڤی نەمابوو، بەشێک لە کارگێری بلاوگرانا پێیانوابوو تاكتیكە لاوازەکانی چاڤی، هۆکاری سەرەکی بوون لە ئەنجام و دۆڕانەکانیان لە یارییە گرنگ و یەکلاکەرەوەکان.
هۆکاری چوارەم: کارگێری بارسێلۆنا لەو بڕوایەدابوون چاڤی توانای کۆنتڕۆڵ کردنی ژووری جلگۆڕینی یاریزانەکانی نییە و ناتوانێت دەسەڵاتی تەواوەتی خۆی بەسەر یاریزانەکاندا بسەپێنێت، هەرچەندە ئەو راهێنەرە بەم دواییانە رایگەیاند هەموو شتێک باشە و لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، بەڵام ئەمە بەس نەبووە و لە کۆتاییدا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
چاڤی هێرناندێز لەگەڵ بارسێلۆنا لە كۆی 141 یاری، 89 سەركەوتن و 23 یەكسانبوون و 29 دۆڕانی هەیە و نازناوێكی لالیگا و سووپەری ئیسپانیاشی بردووەتەوە و ئەم وەرزەش بەدەستی بەتاڵ كۆتاییان پێهێنا.