کەریم سلێمان: ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی هەرێم زیاتر لە ملیۆنێک و نیو تۆنە

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستە حکوومەتی عێراق وەرگرتنی ڕێژەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی دیاری نەکردووە کە مەزەندە دەکرێت، بگاتە زیاتر ملیۆنێک و نیو تۆن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە ڕەنگە بابەتی گەنمی جووتیاران باس بکرێت، بەڵام من چەند جارێک گوتوومە تاوەکو ئەو لیجنەیەی کە پێکدێت لە نوێنەری وەزارەتەکان و پێی دەگوترێ 57 پێک نەهێنرێت، ڕێژە و ژمارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم دیاری ناکرێت.

کەریم سلێمان دەڵێت، "بە مەزندەی ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، بۆ ئەمساڵ ڕەنگە ملیۆنێک و نیوە تۆن هەبن، بەڵام بۆچوونی وەزارەت، هەندێک دۆنم و دانەوێڵە هەیە، ڕەنگە بگاتە زیاتر ملیۆنێک و نیو تۆن، ژمارەی زەوییەکە جیاوازە لەگەڵ بەربوومەکە، جا نازانین ئەنجامەکە چۆن دەبێت".

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆییەوە لە جووتیاران کڕدرا.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. حکوومەتی عێراقیش بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 23-05-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، دوو پێشنیازی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراقیان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردووەتەوە. وەکو خۆی گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیازی کردبوو 576 هەزار تۆن و وەزارەتی بازرگانییش پێشنیازی کردبوو 605 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام هەردوو پێشنیازەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە. ساڵی رابردوو (2023)، لە هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نزیکەی 500 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کڕی و بۆ هەر تۆنێک بڕی 850 هەزار دینار دیاری کرابوو.

Fly Erbil Advertisment