رافاییل نادال كۆتایی هات

رافایل نادال خاوەنی زۆرترین ناسناوی رۆلان گارۆس، تووشی دۆڕان بوو، بەمەش هەر لە قۆناغی یەکەم ماڵئاوایی کرد.
رافایل نادال تێنسزانی ئیسپانی و خاوەنی 14 ناسناوی گراند سلامی رۆلان گارۆسی فەرەنسا، لە قۆناغی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە رووبەڕووی ئالێكساندەر زڤێرێڤ، پۆڵینی شەشەم بووەوە و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یارییەکەی بە ئەنجامی سێ سێتی بێوەڵام دۆڕاند، ئەنجامی سێتەکانیش شەش سێ و حەوت شەش و شەش سێ بوون.
بەم بردنەوەیە زڤێرێڤ گەیشتە قۆناغی دووەم و لەم قۆناغەش، رووبەڕووی براوەی نێوان داڤید گۆڤین و جۆڤاتی دەبێتەوە.
لە دوای یارییەكە رافاییل نادالی 37 ساڵ رایگەیاند رەنگە چیتر بەشداریی لە پاڵەوانێتییەكان نەكاتەوە، دەشڵێت: بیر لە توانای جەستەیی خۆم دەكەمەوە و وازهێنانی یەكجارەكیم لە یاریكردن یەكێكە لە بژاردە بەهێزەكانم.
لە درێژەی یارییەكانی پاڵەوانێتی رۆلان گارۆس، تیاگۆ مۆنتیرۆی بەرازیلی و پێدرۆ كاشینی ئارجێنتینا ماڵئاوییان كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە فابیۆ فۆنینی تێنسزانی ئیتاڵیا بە بردنەوەی لە بۆتیك ڤان دی تێنسزانی هۆڵەندا بلیتی قۆناغی دووەمی تێنسی رۆلان گارۆسی بڕی.