گوتەبێژی حکوومەت: لەم دوو ڕۆژەدا کێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان چارە دەکرێت

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەران ئامادە کراوە و، کێشەی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکانیش لەم دوو ڕۆژەدا چارە دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-05-2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئامادە کراوە و بەم زووانە ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت".
گوتەبێژی حکوومەت لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان گوتی، "لەم یەک دوو ڕۆژەدا مووچەی مانگی نیسان (چوار)ــی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چارە دەبێت و ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".
ڕۆژی دووشەممە 27ی ئایاری 2024، بۆ یەكەمجار بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار كە بریتییە لە 50%ی داهاتی باج و ڕەسمی گومرگیی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی شوبات بەپێی راپۆرتەكانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە، خرایە سەر سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
پێشەوا هەورامانی گوتی، ئەو بڕە پارەیەی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، "بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی (ئیدارە مالییە) بووە، بۆیە سەدا 50ـی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە ڕادەست کراوە".
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەش کرد، "وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوادارین چۆن ئێمە پابەندی دەستوور بووین و پابەندییەکانی سەرشانمان جێبەجێ کردوون؛ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە بەغدا بە هەمان شێوە پابەند بن، تاوەکوو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارە ببن".