لە سلێمانی 67 قوتابی زانکۆ بەشداریان لە چالاکییەکی دێدەوانی کرد

خێوەتگەی دیدەوانی یەكێكە لەوانە سەرەكییەكانی كۆلێجە وەرزشیەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، كە تێدا چەندین خوێندكار فێری داب و نەریت و كولتووری ناوچەكەی خۆی دەكرێت، هەروەها ڕاهێنانیان پێدەكرێت، چۆن بەبێ بوونی هیچ كەرەستەیەكی ئامادە لە ناوچە سەختەكان بمێننەوە.
لە چادرگەی مێخەك، ئەو كەرەستانە دەبینرێت كە لە كۆندا زیاتر لە لایەن گوندنشینان بۆ ژیانی ڕۆژانەیان بەكارهێنراون و پشتیان پێبەستووە، تییدا 67 خوێندكار بەشداری چادرگەکەیان كردووە، كە دابەشبوون بەسەر پێنج گروپدا
شادان محەممەد، خوێنكاری كۆلج بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چادرگەی دیدەوانی لەوە سەری هەڵداوە، کاتێک مرۆڤ لەناو سروشتدا دەمێنێتەوە بتوانێت بە کەلوپەلە سەرەتاییەکان ژیان بەڕێ بکات، هەروەک ئەو کەلوپەلانەی ئێمە کە لە ڕابردوودا بەکاریانهێناوە
شادی هیوا، خوێندكاری كۆلێجی بنەڕەتی وەرزشی دەڵێت، "بەشێکی چادرگەکەمان بریتییە لە کتێبخانە، لە چادرەکەدا ئەو کەلوپەل و کتێبانەمان بە کەرەستەی کۆن بەکارمانهێناوە، بەتایبەت بە پەت و دار، چونکە لەو سەردەمەدا ژیانکردن بە کەلوپەلە سەرەتاییەکان پێویستییان بە شتی مۆدێرن نییە".
چادرگەی دیدەوانی وانەیەكی سەرەكی قۆناخی چواری كۆلێژ وەرزشی و پەروەردەی وەرزشی بنەڕەتیە، كە لە %40 نمرەی كۆتا ساڵی خوێندنیانی لەسەرە، خوێندكار لە دوا قۆناخی خوێندنیان ئاشنای داب و نەریتی كۆنی ناوچەكەیان وپاراستنی ژینگە دەكرێت و هەروەها ڕادەهێنرێن کە لە كەشێكی سەخت و لە ناو سروشت بەبێ بوونی هیچ كەرەستەیەكی دروستكراو بمێننەوە .
د.ئەحمەد بەهادین، ڕاگری كۆلێجی پەروەرەردەی زانستە وەرزشییەكان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەم گرووپانە چالاکی کولتووری و ئەو چالاکییانەی تایبەتن بە پەروەردە و تایبەتن بە دیدەوانی چالاکی دەکەن، ئەوانەش لیجنەی هەڵسەنگاندن، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات، هەر قوتابی یاخود خوێندکارێک نمایشی تواناکانی خۆی دەکات.