سوودانی لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ تورکیا پێک دەهێنێت

کۆبوونەوەی سوودانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا
کۆبوونەوەی سوودانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی دووەم کۆبوونەوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەی کرد کە مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا مۆریان کردووە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردووتەوە، کۆبوونەوەکەی سوودانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان بە مەبەستی پێداچوونەوە بووە بۆ هەنگاو و ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و یاداشتنامەکانی لێکگەیشتن لە نێوان هەردوولا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە گرنگی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان کردووەتەوە لە نێویاندا ئاماژەی بە پرسی ئاو کردووە و ڕایگەیاندووە، ڕاستەوخۆ چاودێریی پرۆسەکانی جێبەجێکردنی یەک بەیەکی ڕێککەوتنەکان دەکات.

هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی کردووە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە بواری ئاو کراوە لەگەڵ ئەو پرۆژانەی پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە، هاوکات هەموو وەزارەتەکانی ڕاسپاردووە بۆ دەستبەکاربوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننەکان لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیاریی ڕاستەخۆی خۆی.

لە 22ی نیسانی ئەمساڵ، محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان  سەرۆکی تورکیا لە بەغدا 26 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێک تێگەیشتنیان مۆر کرد.

Fly Erbil Advertisment