یەكەمین لێدوانی هانزی فلیك وەك ڕاهێنەری بارسێلۆنا

خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا ڕافا یوستەی جێگری لەگەڵ دیکۆی بەبڕێوەبەری وەرزشی یانەکە هانزی فلیکیان وەک راهێنەری نوێی بارسێلۆنا ناساند، راهێنەرە ئەڵمانییەكە لە یەكەنین لێدوانیدا رایگەیاند فەلسەفەی بارسا زۆر لەگەڵ بیركردنەوەی ئەو دەگونجێت.
دوای ئەوەی هانزی فلیك وەكو راهێنەری نوێی بارسێلۆنا دیاریكرا، رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا بڵاویان کردووەتەوە فلیک بە مووچەی ساڵانەی سێ ملیۆن یۆرۆ بووەتە راهێنەری یانەکە و لە ئەگەری بردنەوەی چامپیۆنزلیگ ملیۆنێک یۆرۆ وەک و پاداشت وەردەگرێت و ئەگەر بەدەستهێنانی ناسناوی لالیگاش حەفت سەد و پەنجا هەزار دۆلاری دیكەی پێدەدرێت و گرێبەستەكەشی تاوەکو ساڵی 2026ـە.
هانزی فلیک: خەونەكەم هاتە دی
هانزی فلیك لە یەكەمین زنجیرە لێدوانی وەكو راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاند خەونەكەی هاتە دی، گوتیشی: سەرەتا دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەم، شانازییەکی گەورەیە لە بارسێلۆنا کار دەکەم، بەلای منەوە ئەوە خەونێکی گەورەیە کە گرێبەستم لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ کرد، بێگومان زۆر دڵخۆشم لێرە دەستبەکار دەبم، پێموایە فەلسەفەی بارسێلۆنا هاوشێوەی فەلسەفەی منە.
هانزی فلیك گوتیشی: کۆنترۆڵی تۆپ و هێرشبردن ئەو شتانەن کە حەزم لێیە، بارسا خاوەنی یەکێک لە باشترین ئەکادیمیاکانی تۆپی پێیە، کۆمەڵێک یاریزانی باشی هەیە کە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەن لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی لاوی بەهرەمەند، پێویستە ئێمە بیسەلمێنین کە دەتوانین باشتر بین، بەلای منەوە کاری بەکۆمەڵ زۆر گرنگە، تەنیا بەم رێگەیە دەتوانین سەرکەوتن تۆمار بکەین.
فلیك دەشڵێت: لەگەڵ بایرن میونشن چەند نازناوێکم بردەوە و ئێستاش تینووی بردنەوەی نازناوی دیكەی گەورەم، دەمەوێت لەگەڵ بارسێلۆنا لەسەر ئەم رێگەیە بەردەوام بین، دڵنیام دەتوانین پێکەوە کاری گەورە بکەین، بە تامەزرۆم بۆ ئەوەی دەستبەکار بکەم، زۆریش گرنگە کە پالپشتی بکرێین، بارسێلۆنا یانەیەکی گەورەیە و ئەم یانەیەم زۆر خۆش دەوێت، دەتوانین پێکەوە سەرکەوتن تۆمار بکەین.
هانز فلیكی 59 ساڵ، پێشتر وەكو یاریدەدەری یواكیم لۆف، مۆندیالی 2014ـی لەگەڵ ئەڵمانیا بەدەستهێناوە، 7 نازناویشی لەگەڵ بایرن میونشن بردووەتەوە لە نێویاندا نازناوێكی چامپیۆنزلیگشی تێدایە، چوار نازناویشی وەكو راهێنەری هۆفینهایم بەدەستهێناوە.
