ده‌نگۆیه‌ك له‌باره‌ی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی حكوومه‌ت له پاره‌ی فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی نه‌وت بڵاو ده‌بێته‌وه

وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕه‌تی ده‌كاته‌وه یه‌كێك له بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه پێشنیازی كردبێت له پاره‌ی شایسته‌كانی فه‌رمانبه‌رانی كه‌م بكرێته‌وه بۆ پڕكردنه‌وه و چاره‌ی كورتهێنانی دارایی حكوومه‌ت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 29ـی ئایاری 2024) وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاندووه، ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه ڕاست نین كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، یه‌كێك له بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه پێشنیازی به‌خشینی بڕی هه‌شت تریلیۆن دیناری له پاره‌ی شایسته‌كانی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و وه‌زاره‌ته كردووه بۆ حكوومه‌ت بۆ پڕكردنه‌وه و چاره‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی دروست بووه.
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕوونی كردووه‌ته‌وه، په‌رله‌مانتارێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردووه یه‌كێك له بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه پێشنیازی كردووه، وه‌زاره‌ت بڕی هه‌شت تریلیۆن دینار له پاره‌ی شایسته‌كانی فه‌رمانبه‌رانی به حكوومه‌ت بدات، بۆ پڕكردنه‌وه و چاره‌ی ئه‌و كورتهێنانه.
وه‌زاره‌تی ناوبراو داوای كردووه كه‌س و لایه‌ن و ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌كان به وریاییه‌وه له ڕاستیی و دروستی زانیارییه‌كانی په‌یوه‌ست به وه‌زاره‌ته‌كه دڵنیا ببنه‌وه بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گشتیی.