ڕاپۆرتێک: بە تۆن زێڕی ئەفریقا بە قاچاخ دەبرێتە ئیمارات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخراوێکی ناحکوومی سویسرا، ئاشکرای کرد، ساڵانە بە تۆن زێڕ بە بەهای ملیارەها دۆلار لە ئەفریقاوە بە قاچاخ دەهێنرێت، بەو پێیەی زۆربەی ئەو زێڕانەی کە بە قاچاخ دەچنە دوبەی دواتر بە شێوەیەکی یاسایی هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێنەوە.

ڕێکخراوی پەرەپێدانی "سویس ئاید" ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، لە نێوان 321 بۆ 474 تۆن زێڕی ئەفریقا لە ڕێگەی کارەکانی کانگاکردنی بچووک یان دەستی دەرهێنراون ڕانەگەیەندراوە، هەروەها  بەهاکەی لە نێوان 24 بۆ 35 ملیار دۆلاردایە.

کیشوەری ئەفریقا بەرهەمهێنەری سەرەکی زێڕە لە جیهاندا، غانا، باشووری ئەفریقا، مالی و بورکینافاسۆ لە ساڵی 2022دا لە پێشەنگی بەرهەمهێنانی زێڕن.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە ناحکوومیە، قاچاخی زێڕی ئەفریقا لە زیادبووندایە و لە نێوان ساڵانی 2012 بۆ 2022 دوو هێندە زیادیکردووە.

ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو کانزا بەنرخە سەرچاوەی داهات بووە بۆ ملیۆنان کرێکاری کانگاکان، سەرچاوەی سەرەکی داهات بووە بۆ زۆرێک لە حکوومەتەکان، هەروەها هۆکارێکە بۆ دابینکردنی دارایی بۆ گروپە چەکدارەکان، هۆکارێکیش بووە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تێکدانی ژینگە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە دوبەی کردووە کە وەک ناوەندێکی نێودەوڵەتی وایە بۆ بازرگانی زێڕی ئەفریقا،  دواتریش هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت، لەنێویاندا سویسرا.

ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات لە ساڵی 2022دا، لە 66.5% کەدەکاتە 405 تۆن زێڕی ئەفریقا بە قاچاخ هاوردەی ئیمارات کراوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، زێڕی ئەفریقا دەنێردرێت بۆ سویسرا و هیندستان، کە سویسرا دووەم گەورەترین هاوردەکارە.