زۆم بە ساڵێک کارکردن کەرتی ئاژەڵداری دەبووژێنێتەوە

پرۆژەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ڕێوڕەسمێکدا، یەکەم ساڵی تەمەنی کردەوە کە لە ماوەی 12 مانگ کارکردنیدا سێ خەڵاتی لە ئاستی نێودەوڵەتیی و خەڵاتێکی لە ئاستی عێراق بەدەست هێناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی ئایاری 2024، بە بەشداریی مەلا مستەفا بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی وڵاتان لە هه‌ولێر ڕێوڕەسمی یەکساڵەی کارکردنی کارگەی زۆم بەڕێوەچوو، لەو ماوەیەدا کارگەکە توانیوەیەتی خەڵاتی ساڵی 2024 بۆ بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەلایەن کۆڕبەندی بازرگانیی نیشتمانیی عێراقی بباتەوە لەگەڵ بەدەستهێنانی سێ بڕوانامەی نێودەوڵەتیی لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ستاندارکردن (ISO).

ڕێوڕەسمی یەکساڵەی تەمەنی کارکردنی کارگەی زۆم
ڕێوڕەسمی یەکساڵەی تەمەنی کارکردنی کارگەی زۆم

لە ڕێوڕەسمەکەدا، بێگه‌رد تاڵه‌بانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری كشتوكاڵدا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ ده‌ستهێناوه و مه‌سرور بارزانی سەرۆک وەزیران به‌رده‌وام پشتیوانیی له‌ وه‌زاره‌تی کشتوکاڵ و کەرتی کشتوکاڵ كردووه‌، به‌تایبه‌ت بۆ پێشخستنی به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ بواره‌كانی ئاژه‌ڵداری و كشتوكاڵ، هەر ئەمەش هاندەربووە هه‌رێمی كوردستان بگاتە قۆناغێك، چه‌ندین كارگه‌ی هه‌مه‌جۆری له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا دابمەزرێنێت‌.

هەر لە ڕێوەڕەسمی یەکساڵەی تەمەنی پرۆژەی زۆم، محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان لەبارەی پرۆژەکە ڕایگەیاند، پرۆژەی زۆم بۆتە مایەی بووژانەوەی داهات و ئابووریی خەڵک.

گوتیشی: کارگەی زۆم تێڕوانین و ڕێنمایی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ دەکات لە هەمەچەشنکردنی داهات و پشتبەستنی خەڵک بە تواناکانی خۆیان، هاوکات وتەکەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی خەڵک فێری ئیش بکرێت، کە ئەمە بنەمایەکی بەهێزە بۆ کارکردنی خەڵک.

محەمەد شوکری گوتی، لەڕووی ناوبانگیی هەرێمی کوردستانیش، کارگەی زۆم کە بەرهەمی %100 سروشتییە و ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە ناوبانگیی هەرێمی کوردستان لەڕووی بازرگانییەوە.

پرۆژەی وەبەرهێنانی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان کە مۆڵەتی یاسایی کارکردنی بە ژمارە 1145 لە 21ی تشرینی دووەمی 2022 لە دەستەی وەبەرھێنان وەرگرتووە، لە 30ی ئایاری 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندی ژاژوکی دەڤەری بارزان سەر بە شارۆچکەی مێرگەسۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر کرایەوە.

ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژوکی دەڤەری بارزان
ڕێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژوکی دەڤەری بارزان - ئەرشیف

پڕۆژەی زۆم لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 46 مەتر دووجا بنیاد نراوە، هەموو ئامێرەکانی ناو کارگە لە باشترین جۆری (Stainless steel) دروست کراون و بەرهەمی ڕۆژانە 20 تۆنە و توانای هەیە بیگەیەنێتە 50 تۆن.

لە کارگەی زۆم بایەخێکی تایبەت بە پشکنینی لایەنە تەندروستییەکانی بەرهەمەکان دراوە و لە ناو کارگەدا تاقیگەیەکی تایبەت هەیە بۆ پشکنینی ئەو شیرانەی دەگەیەنرێنە کارگەکە بۆ دڵنیابوون لە کوالێتییەکەی، هاوکات پشکنین بۆ بەرهەمە بەرهەمهێنراوەکانیش دەکات.

لەوەتەی کارگەکە کەوتووەتە کار، بە تێکڕا ڕۆژانە 80 کەس بۆ زیاتر لە ساڵێک کاریان  کردووە و لە قۆناغی داهاتوو 300 دەرفەتی کاری دیکەش دەڕخسێنێت، هەروەها زیاتر 2700 خێزانی ناوچەکەش سوودمەند دەبن.

بەرهەمەکانی کارگەی زۆم بریتین:

- ماستی سروشتی و خۆماڵیی زۆم

- ماستی سروشتی و خۆماڵیی کەم چەوری زۆم

- ماستاوی سروشتی و خۆماڵیی زۆم

- پەنیری سپیی سروشتی و خۆماڵیی زۆم

- پەنیری سپیی سروشتی و خۆماڵیی کەم چەوری زۆم

- قەیماغی لوولپێچی سروشتی و خۆماڵیی زۆم

ئامانجەکانی کارگەی شیرەمەنی زۆم:

- دابینکردنی داهاتێکی بەردەوام بۆ گوندنشینان و ئاژەڵداران بە کڕینی شیری ئاژەڵەکانیان کە کۆدەکرێتەوە لە 20 بنکەی کۆکردنەوە کە لەلایەن کارگەی زۆم دروست کراون.

- هاندەرێک دەبێت بۆ زیادبوونی ژمارەی بەخێوکەرانی ئاژەڵ، بە شێوەیەک کە لە کاتی کارکردنی کارگەکە بە تەواوی تواناکەی زیاتر لە 27.000 هاوبەش لەگەڵماندا سوودمەند دەبن لە فرۆشتنی شیری تازەی مانگاکانیان لە بنکەکان.

- ڕەخساندنی هەلی کار، کارگەی زۆم بە ڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ 100 هاووڵاتیی ناوچەکە ڕەخساندووە و هەنگاو بە هەنگاو ڕەخساندنی کار کردن لە زیادبوونە، هاوکات بە ناڕاستەوخۆ هەلی کاری بۆ زیاتر لە 2700 ئاژەڵدار ڕەخساندووە لە ڕێگەی کڕینی شیری مانگەکانیان.

- بەرهەمەکانی زۆم کاریگەرییەکی باشی دەبێت لە سووڕی سەرمایەی لە ناوخۆدا ڕێگرە لە چوونە دەرەوەی سەرمایە بەهۆی هاوردەکردنەوە، ئەمەش کاریگەی لە سەر بووژاندنەوەی ئابووریی وڵات دەبێت.

هەروەها بۆ ئەوەی خەرجی گواستنەوەی شیر نەکەوێتە ئەستۆی خاوەن مانگا و مەڕدارەکان، کارگەی زۆم  بە گوێرەی دابەشکاری سنووری جوگرافیا 20 بنکەی کۆکردنەوەی شیری دامەزراندووە و ڕۆژانە ئاژەڵدارانی ناوچەکە دوای دۆشینی ئاژەڵەکانیان، شیری تازە لە دەفری تایبەتدا دەگەیننە بنکەکان.

لەو بنکانە شیری تازە لە جووتیاران دەکڕدرێتەوە و دوای پشکینین بە تانکەری تایبەت دەگواسترێتەوە کارگە و دوای دووبارە پشکینینی تەندروستی، شیرەکە دەبرێتە بەشی بەرهەمهێنان، دوای دروستکردنی بەرهەمەکان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت ڕەوانەی شار و شارۆچکەکان دەکرێت.