رێنمایی دابەشکردنی زەوەی بەسەر فەرمانبەران لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە

K24 – هەولێر:
ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان لە ژمارە (319)ـی ڕۆژی (28ـی ئایاری 2024)، دەقی ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
پێشتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ژمارە (509) لە (14ـی ئایاری 2024)، ڕێنمایی ژمارە (3)ـی ساڵی 2024ـی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بە واژۆی ساسان عەونی بڵاوکردەوە.
ڕێنماییەکە لە پێنج ماددە پێکهاتووە و ئاماژەی بەوەکردووە: "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، زەوی دابەش دەکات بەسەر فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەندنەبوون، بەپێی ڕێنمایی، ڕێکار، پلانسازی و هونەرییەکان کە بۆ ئەم مەبەستە دەردەچێت".
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە خزمەتی "فعلییان" لە هەشت ساڵ بەرەو سەرەوەیە، دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکەن و لەسەر بنەمای پێوەرەکانی ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان، شوێنی لەدایکبوون، دەچێتە پێشبڕکێوە.
هەر لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، ئەگەر ژن و مێرد، هەردووکیان فەرمانبەر بوون، خاڵی هەردووکیان کۆدەکرێتەوە و خاڵی کامیان زیاتر بوو، بەناوی ئەوەوە دەکرێت، بەهەمان شێوەش ئەگەر لە یەک ژن زیاتری هەبێت.
هەروەها لە ڕێنماییەکەدا ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، هەر فەرمانبەرێک پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری سوودمەندبوو لە وەرگرتنی زەوی، ئێستا هاوژینەکەی کە سوودمەندنەبووە لە وەرگرتنی زەوی، ئەوا دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات بۆ وەرگرتنی زەوی.
لە خاڵێکی دیکەی ڕێنماییەکدا ئاماژە بەوەشکراوە: "دادوەر، داواکاری گشتی، ئەندامانی دەستەی وانەوتنەوە لە زانکۆکان، فەرمانبەرانی پلە تایبەت و پلە باڵا، مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە بە زیادکردنی چوار خاڵ بۆ کۆی خاڵەکانیان بە مەرجێک پێشتر سوودمەند نەبووبن".
لەبارەی شوێنی تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، ڕێنماییەکەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی کردووەتەوە، کە "تەرخانکردنی زەوی لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبوونی فەرمانبەر و بەپێی کارتی زانیاری دەبێت".
بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکە تەرخانکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی بە سوودمەند بوو هەژمار دەکرێن و تێیدا هاتووە، ئەو زیندانیییە سیاسی و دیلەکانی جەنگ و هەر فەرمانبەرێک پێش ڕاپەڕین، زەوییان وەرگرتبێت، بە سوودمەند هەژمار دەکرێن و مافی پێشکەشکردنی داواکارییان نییە، بەڵام وارسی شەهید و ئەنفالکراوان کە پێشتر زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بە سوودمەند هەژمار ناکرێن و دەتوانن داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشکەش بکەن.
ڕووبەری زەوی تەرخانکراو بۆ فەرمانبەران لە پارێزگا، قەزا و ناحیەکان، 200 مەتر دووجا دەبێت و نرخی هەر مەترێک دووجا لەنێو پارێگاکان بە پێنج هەزار دینار، لەنێو قەزاکان سێ هەزار دینار و لەنێو ناحیەکانیش بە دوو هەزار دینار تەرخانکراوە.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لە سەرۆکایەتی شارەوانییە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری یەکە ئیداری و فەرمانگە پەیوەندیداریش بەشدار دەبن.


