بوونی یەک ڕێگە بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە نێوان هەولێر و سلێمانی کێشەی بۆ شۆفێران دروستکردووە

K24 – کۆیە:
لەکۆی شەش ڕێگەی هاتووچۆ لەنێوان هەولێر و سلێمانی، ئێستا تەنیا ڕێگەی سکتان - هیران هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لێوە دەکرێت، ڕێگەکانی دیکە لەژێر نۆژەنکردنەوەن یان بۆ نۆژەنکردنەوە ئامادەکراون، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوە و ڕێگەوبانی کۆیەش دەڵێت: هاتووچۆی بارهەڵگران بەو ژمارە زۆرە و تەنیا لە ڕێگەیەکی هاتووچۆ کە تاک سایدە هەم مەترسی هەیە هەمیش زیانی زۆر بە ڕێگەکە دەگەیەنێت.
ڕێگەی سکتان – هیران، تاکە ڕێگەی هاتووچۆی شۆفێرانی بارهەڵگر و جموجۆڵی بازرگانی نێودەوڵەتی و نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە لەکۆی شەش ڕێگەی سەرەکی، بەهۆی داخرانی ڕێگەکانی دیکە، بەناچاری شۆفێران لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەو ڕێگەیە بەکاردێنن.
هەرێم عومەر، شۆفێری ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرە و بۆ کوردستان24 دەڵێت: هەندێک جار هاووڵاتییان هەموو ڕێگەکانیان گرتووە بەوەش هەزاران شۆفێر کە بژێوی ژیانمان لەسەر ئەوەیە، بۆ چەند ڕۆژێک بێکار بووین و جموجۆڵی بازرگانی بە تەواوی وەستاوە .
ئێستا چوار ڕێگە لەکۆی شەش ڕێگە لە نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانی لەژێر دروستکردن و نۆژەنکردنەوەن، تەواوکردنی دووسایدی فیدراڵی لە کۆیە بەگوژمەی شەش ملیار و 700 ملیۆن دینار، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سماقووڵی، نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی بالیسان بەگوژمەی شەش ملیار و 500 ملیۆن دینار لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێگەی سکتان هیران قۆناغی دوووم لەو نزیکانە بەگوژمەی دوو ملیار و 400 ملیۆن دینار.
ئەندازیار کۆسار حەمە ساڵح، بەڕێوهبەری ئاوەدانکردنەوەی کۆیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەکارهێنانی تاک ڕێگەیەک لەلایەن ژمارەیەک بارهەڵگری زۆرەوە، دەبێتە هۆی زوو تێکچوونی ڕێگەکە، کە پێویستە بەپێی ستانداردی جیهانی، ڕێگەی دوو سایدی باشتر بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێندرێت.
گرفتی هاتووچۆی بارهەڵگران و ئاساییکردنەوەی جموجۆڵی بازرگانی یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆی دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و سەرۆکوەزیرا مەسرور بارزانی داوای لە وەزیری ئاوەدانکردنەوە کرد، لە زووترین کاتدا، کارەکانی ڕێگەکانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تەواوبکرێن، بۆ ئەوەی کێشەی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان و جموجۆڵی بارزگانی چارەسەربکرێن.