لە مووسڵ، ماسی گران بوو

لە عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ خواردنی ماسی کەم بووەتەوە، خاوەن خواردنگە و ماسی فرۆشەکانیش ئەوە بۆ گرانبوونی نرخی ماسی دەگەڕێننەوە، بەو دواییانە لە موسڵ نرخی یەک کیلۆ ماسی دوو هەزار دیناری هاتووەتە سەر و ئێستا یەک کیلۆ ماسی بە 10 هەزار دینارە.

تاریق بەلا، ماسییفرۆش، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەو ڕۆژانەی دواییدا نرخی هەر کیلۆیەک ماسی دوو هەزار دینار بەرزبووەتەوە، ئەوکاتەی نرخەکەی بە هەشت هەزار دینار بوو باش بوو، ئێستاکەش نرخی یەک کیلۆ ماسی بە 10 هەزار دینارە، لەوانەیە خەڵک نەیکڕن، گوتیشی: ئێمە هیوادارین حکوومەت چارەیەکمان بۆ بکات و حەوزی ماسیمان بۆ دروست بکات وەکو کەرکووک، ئایا بۆچی لە موسڵ حەوز دروست ناکەن؟

سەیف محەممەد، خاوەن خواردنگەیەکی ماسی دەڵێت: پیش ئێستا کار باش بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا سەدا 50 کەم بووە، لەلایەک گەرمە و لەلایەکی دیکەش نرخیان گران بووە، پیش ئێستا یەک کیلۆ بە پێنج هەزار بوو، بەڵام ئێستا یەک کیلۆبە 9،250 دینارە.

محەمەد لازم، بەرپرسی ڕێکخراوی سەرچاوەی ئاو لە نەینەوا ڕایگەیاند، سوود وەرنەگرتن لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات ڕووبارەکانی دیکەی وەکو زاب و بەنداوی موسڵ و دەربەندیخان و دوکان، پێوست بوو سوودمان بە دروستکردنی حەوزی بەخێوکردنی ماسی لێ وەرگرتایە، دەبوایە حکوومەت بە جیددی کاری لەسەر زیادبوونی بەرهەمی ماسی و ڕێگریی لەکەمبوونی بەرهەمەکە کردبایە.

عێراق ساڵانە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن ماسی بەرهەم دێنێت، کەسەرچاوەی داهاتی هەزاران هاووڵاتییە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی چەند هۆیەکەوە بەرهەمی ماسی کەم بووەتەوە بۆ 700 هەزار تۆن، ئەمەش کاریگەری لەسەر بازاڕ کردووە.