بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر: ئەمساڵ هەناردەکردنی پەتاتە دەکەینە سێ هێندە

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، ساڵانە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە پێویستیی خۆمان زۆر زیاترە، بۆیە دەبێت هەناردەی دەرەوە بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 1ـی حوزەیرانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە بەرهەمی پەتاتە لەخواستی خۆمان زۆر زیاترە، پێویستی بەوە هەیە کە هەناردەی شارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و خواری عێراق بکرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "ڕۆژانە ئێمە زیاتر لە 30 هەتاکو 50 بارهەڵگر، لە بازاڕی عەلوەی هەولێر هەناردە دەکەین، چونکە بازرگانە عەرەبەکانی خوارووی عێراق بەرهەمی جووتیارانی کوردستان دەکڕن".
دەشڵێت: "ئێمە پشتگیریی بە زمانی عەرەبی، دەدەینە ئەو برا جووتیارانەی کەوا بەرهەمی ناوخۆ بەرهەم دەهێنن و هەناردەی خوارووی عێراقی دەکەن، تاکو بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی ڕێگرییان لێ نەکەن. چونکە پێشووتر ڕێگرییان لێ دەکرا، بەڵام ئێستە بەهۆی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگرییەکان کەم بوونەتەوە".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ گوتی: "جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای خۆیانەوە چەندان جار، سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی سەرۆکی حکوومەتیان کردووە کە ئەو گرفتەیان بۆ چارە کراوە".
ئاماژەی بەوەشدا، "جگە لەوەی پێداوسیتی ناوخۆ پڕ دەبێتەوە، ساڵی پار 12 هەزار تۆن پەتاتەمان هەناردەی قەتەر و سعوودیە و ئیمارات کردووە، لەو 12 هەزار تۆنە وڵاتانی کەنداو پێشوازییەکی باشیان لە پەتاتەی کوردستان کرد و خواستێکی زۆری لەسەر بوو".
هێمن سەید موراد ئەوە خستە ڕوو، "بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکەین سێ هێندە پەتاتە هەناردە بکەین، وەک پەتاتەی خواردن"، پەتاتەی پیشەسازیش، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە، پێمان ڕاگەیاندوون کە بۆ بەرهەمهێنانی چپس، پشت بە بەرهەمی جووتیارانی ناوخۆ ببەستن، هەروەها بنە تۆویان پێ بدەن لەگەڵ پەینی کیمیایی، بۆ ئەوەی بەرهەمێکی جوان دروست بێت تاکو بەرهەمی ئەو کارگانەش نایاب بێت".
ئاشکراشی کرد، "لە کوردستان، ئێستە چەندان کارگە گرێبەستییان لەگەڵ جووتیاران هەیە، بەرهەمی جووتیاران دەکڕنەوە، ئەوەش سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە".
"بەرهەمە ناوخۆییەکان ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بووندایە ئەوەش بەهۆی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەم کە پشتگیرییەکی تەواوی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانی کردووە". هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر وا دەڵێت.
ڕاشیگەیاند، "بەم نزیکانە ئەو بەرهەمە بە بازاڕ دەکرێت".