سۆنیا هیوا: من کچی شانۆم

شانۆکار سۆنيا هيوا دەڵێت، شانۆ ڕۆحی منە، چونکە من کچی شانۆم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک کارێکی جوان و نایابی سینەما بکرێت، ئەوا بێگومان بەشداری دەکەم.
شانۆکار سۆنيا هيوا، لە هەڤپەیڤینێکی کوردستان24 دا، باسی هۆی دوورکەوتنەوەی لە هونەری شانۆ کرد و تیشکی خستە سەر کاری داهاتووی.
شانۆکار سۆنیا هیوا، باسی کار و چالاکییەکانی خۆی دەکات و دەڵێ: دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێرم بەشی شانۆ و دەرهێنان. بەخۆشحاڵییەوە لە چەندین کاری شانۆیی و شانۆی سەرشەقام بەشداریم کردووە، کۆتا کاریشم بەشداریی بووە لە شانۆگەری "ئافرەت لە دۆزەخ" کە لەدەرهێنانی مامۆستا هیوا سوعاد بوو. ئەو شانۆگەرییە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دایەوە لە شانۆی کوردی.
سۆنیا باسی هۆی دوورکەوتنەوەی لە کاری هونەری کرد و گوتی: ماوەی ساڵ و نیوێک بەهۆی ژیانی تایبەتیمەوە لە شانۆ و هونەری کوردی دابڕام، بەڵام خۆشبەختانە لەدوای ئەو ماوەیە لە شانۆی سەر شەقام بۆ یادی هەڵەبجەی شەهید گەورەترین شانۆمان پێشکەش کرد.
سۆنیا باس لەو دەرهێنەرانە دەکات کە داوای ڕۆڵیان لێ کردووە و دەڵێت: بەڵێ داوام لێ کراوە، بەڵام کارێک مۆرکی فەرهەنگی کوردی و هونەری تێدا نەبێت، ناتوانم بیکەم، چونکە ئێستا هونەری کوردی بۆتە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی. ئەوەی دێت مۆبایلێک دەگرێ بەدەستییەوە و بەناوی هونەرمەندان و کۆمیدیا هونەری کوردی شێواندووە، من دەڵێم کاری هونەری نییە، تەنیا چەند کەسانێکن دووبارە دەکرێنەوە لەشانۆکاندا و ڕێگا نادەن کەسانی تریش سوود ببینن.
سۆنیا، دەربارەی بەشداریکردنی لە سینەما و درامادا ئاماژەی کرد، بێگومان شانۆ ڕۆحی منە، چونکە من کچی شانۆم، بەڵام ئەگەر ڕۆژێک کارێکی جوان و نایابی سینەما بکرێت، ئەوا بێگومان بەشداری دەکەم، من کورتەفیلمێکیشم هەیە لە سینەمادا، ئەوەش ئەزموونێکی باش بوو بۆ من.
سۆنیا ڕاشیگەیاند، من زەحمەتیم زۆر بینیوە لەکاری هونەری، بێگومان لەهەموو کارێک تووشی زەحمەتی دەبیت، من لە شانۆگەری "ئافرەت لە دۆزەخدا" زەحمەتییەکی زۆرم بینی، بەڵام توانیمان ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنین، ئەو شانۆگەرییە لە بەغدا دووجار نمایش کرا، لە دەربەندیخان و سلێمانی و لەهەولێریش بۆ ماوەی 3 ڕۆژ نمایش کرا.
سۆنیا دەربارەی بوونی ئافرەت لە کایەی هونەریدا دەڵێ: من وەکو ئافرەتێکی شانۆکار، ئەوەی ئێستا دەیبینم، ئافرەت لە ناو کایەی هونەر زۆر بووە، بەڵام نیوەی بە ڕۆح لەگەڵ کارەکە نییە، بگرە بۆ ناوبانگ و پارەیە، چونکە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین وەکو ساڵانی پێشوو نییە بڵێین کۆمەڵگا داخراوە و رێگا نادات، بەداخەوە وا دەڵێم بەڵام ئەوەی دەشیڵێم ڕاستییەکەیە.
شانۆکار سۆنیا هیوا، خەڵکی شاری سلێمانییە و دانیشتووی هەولێرە، پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەولێری تەواو کردووە و ماوەیەک بەهۆی ژیانی تایبەتییەوە لەکاری هونەری دابڕا، لە ئێستادا گەڕاوەتەوە و بەم زوانە کار لەسەر مۆنۆدرامایەک دەکات.